یەكێتی ئەوروپا: دەبێت لایەنە دەرەكییەكان گوتاری ھاندان لە بارەی قەرەباخ رابگرن

یەكێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە بانگھێشتكردن بۆ دەستبەجێ راگرتنی شەڕ

K24 – هه‌ولێر:

كۆمسیاری باڵای كاروباری دەرەكی و ئاسایش لە یەكێتی ئەوروپا، جۆزێب بۆرێل رایگەیاند، دەبێت لایەنە دەرەكییەكان بەكارھێنانی "رەوانبێژی ھاندانی مەترسیدار" لە بارەی قەرەباخ بەس بكەن.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەرمینیا ئارمین سەركیسیان ئەمڕۆ بۆرێل لە لێدوانێكیدا گوتی: "دەبێت گشت لایەنەكان، بە لایەنەكی دەرەكیشەوە، وازبێنن لە ھەر كارێكی ببێتە مایەی بەردەوامبوونی شەڕ و لێكەوتنەوەی قوربانی زیاتر، ئەمەش پێویستیی بە كۆتاییھێنانە بەو لێدوانانەی مەترسیدار و فیتنە وروژێنەر و رق بڵاوكردنەوە لە كەسانی بیانی".

بۆرێل داوای لە لایەنەكانی شەڕكەر كرد بگەڕێنەوە سەر دانوستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە لە ژێر چاودێری سەرۆكەكانی بەشدار لە كۆمەڵەی "مینسك"ی سەر بە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا، بەبێ مەرجی پێشوەختە و بەبێ دواكەوتن.

گوتیشی: "یەكێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە بانگھێشتكردن بۆ دەستبەجێ راگرتنی شەڕ و پابەندبوون ھەموو لایەك بەو ئاگربەستەی رێكەوتن لەسەری كراوە. دەبێت دەستبەجێ ھەر كارێك دژ بە خەڵكی سیڤیل یان ببێتە مایەی ئازاری دانیشتوانی سیڤیل رابگیرێت".