سەرۆكی ئەرمینیا: ئیمە شەڕ دژ تیرۆری نێودەوڵەتی دەكەین

سەركیسیان: ئامانجی سەرەكی ئەو شەڕە پاكتاوكردنی نه‌ژادییە

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆكی ئەرمینیا، ئارمین سەركیسیان رایگەیاند، وڵاتەكەی شەڕ دژی تیرۆری نێودەوڵەتی دەكات، كە توركیا بە ھەموو چەكێكییەوە پشتیوانیی دەكات.

ئەم لێدوانەی سەرۆكی ئەمەریكا لە چاوپێكەوتنێكیدا ھات لە گەڵ رۆژنامەی Ahram Weekly میسری.

سەركیسیان گوتی: شەڕی دوژمنكارانە و دەستوەردانی راستەوخۆ و رەفتاری وێرانكارانەی توركیا، كە پشتیوانی گەورەی ئازەربایجانە "راستییەكی چەسپاوە و مشتومڕی لە سەر ناكرێ".

گوتیشی: بە ھەناردەكردنی بەكرێگیراوان و تیرۆریستان لە سووریا و لیبیاوە بەرەو ئازەربایجان، توركیا ھەوڵیدا "تۆڕێكی شەڕانگێز" دژ بە ئەرمن پێكبھێنێت.

ئاماژەشیكرد، ھەبوونی ئەوانە (تیرۆریستان) رێگا خۆشدەكات بۆ ئەوەی ھەموو ناوچەكە و پشتی ناوچەكەش ئاگری تێدا ھەڵگیرسێت.

سەركیسیان، گوتی: ئامانجی سەرەكی (توركیا) لەو شەڕە پاكتاوكردنی نه‌ژادییە و ھەر ئەو سیاسەتەشە، كە دەوڵەتی عوسمانی دژ بە ئەرمەن لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەم پەیڕەویان كرد.

لە لایەن وڵاتانەوە توركیا تۆمەتباردەكرێت بە گڕدانی شەڕی ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ، دوێنێ چوارشەممە، جێگری سەرۆكی توركیا فوئاد ئەكتای گوتی: وڵاتەكەی دوودڵ نابێت لە ناردنی ھێز و پێشكەشكردنی پشتیوانی سەربازی بۆ ئازەربایجان؛ ئەگەر باكۆ داوا بكات، بەڵام تا ئێستا داوای نەكردووە.

سەرۆكی ئەرمینیاش، چوارشەممە گوتبووی، ئەگەر توركیای ئەندامی ناتۆ وازبێنێت لەوەی لایه‌نێك بێت لەشەڕەكەی ناگۆرنۆ قەرەباخ، دەكرێت بگەینە ئاگربەست و گفتوگۆی ئاشتی.