ئەمەریكا لە بوردومانێكدا لە نزیك ئیدلب 14 ئەندامی گرووپی "تەحریر شام"ی كوشت

لە نێو كۆژراوەكاندا 6 سەركردە ھەنە

K24 - ھەولێر

سوپای ئەمەریكا پێنجشەممە رایگەیاند، ھێرشێكی ئاسمانییان كردووەتە سەر ژمارەیەك لە سەركردەكانی "قاعیدە" لە باكووری رۆژئاوای سووریا، بەپێی ڕووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لەو ھێڕشەدا 14 ئەندامی گرووپی "تەحریری شام" كوژراون.

فەرماندەی ناوەندی ئەمەریكا "سنتكوم" لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "ھێزەكانی ئەمەریكا لە ھێڕشێكی ئاسمانیدا كۆمەڵێك گەورە بەرپرسی رێكخراوی قاعیدەیان لە سووریا كردە ئامانج، كە لە نزیك ئیدلب كۆببوونەوە". جەختیشیكردەوە، لەناوبردنی ئەو سەركردانەی رێكخراوی قاعیدە لە سووریا توانای ئەو رێكخراوە تیرۆرستە كەمدەكاتەوە لە پلاندانان و ئەنجامدانی ئەو ھێڕشانەی ھەڕەشە دەكەن لە ھاووڵاتییانی ئەمەریكا، ھاوبەشەكانمان و كەسانی سڤیلی بێگوناھ".

لە لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری "رووانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ" رامی عەبدوڵڕەحمان ئاشكرایكرد، "لەو ھێڕشەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان ئەنجامیاندا و كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی تەحریری شام لەگەڵ كۆمەڵێك لە جیھادییەكان كردە ئامانج لە یەكێك لە كێڵگەكانی گوندی جكارە، لە ناوچە گوندنشینەكانی سلقین لە نزیك سنووری سووریا- توركیا بووە مایەی كوشتنی 14 كەس لە گرووپی تەحریری شام و لە نێو كۆژراوەكاندا 6 سەركردە ھەنە".

سەرچاوە: "AFP"