سەرۆک هۆزەکانی رۆژئاوای دیجلە پشتگیری لە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەن

داواكارن دۆخی دەشتی نەینەواش ئاسایی بكرێتەوە
kurdistan24.net


K24 - دهۆک

بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال، رێککەوتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق واژۆکرا، ئەو رێککەوتنەش بەتەنیا ئێزدییەکانی دڵخۆش نەکردووە، بەڵکو خەڵکی دیکەی دەڤەرەکە بەگشتی پێشوازی لێدەکەن لەوانە سەرۆک هۆزەکانی رۆژئاوای دیجلە.

سەرۆک هۆزەکانی رەبیعە و زوممار، ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەک دەبینن و بەگوتەی خۆیان دەستپێکی گەڕاندنەوەی شەرعییەتە بۆ ئەو ناوچانەی ئێستا هێزی ناشەرعییان تێدایە، هەروەها دەڵێن رێککەوتنەکە گرنگە بۆ هاتنەدی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە.

ئەحمەد حاج زاهر، یەکێکە لە سەرۆکهۆزەکانی هۆزی شەرابی لە زوممار، سەبارەت بە رێککەوتنەکە باس لەوە دەکات"پیرزۆبایی دەکەین بەبۆنەی واژۆکردنی رێککەوتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی دەڤەری شنگال و رۆژئاوای دیجلە، کە ناوچەکانی دەڤەری ماددەی 140ـن. دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکەین. ئێمە، وەکو شێخەکانی هۆزەکانی رۆژئاوای دیجلە داوا لە حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین؛ هێز و رێکخراوە ناشەرعییەکانی وەکو پەکەکە و سەرجەم هێزە ناشەرعییەکان لە شنگال نەهێڵن".

‎عەتیە سلێمان، یەکێک لە سەرۆکهۆزەکانی ئەبوسەلامە لە رەبیعە دەڵێ "ئێمە، پاڵپشتی لەو رێککەوتنە دەکەین، ئەم رێککەوتنە رێگەیەکی راست و دروستە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و دانانی ئیدارەیەکی شەرعی لە دەڤەرەکە، هەروەها بۆ دەرخستنی هێزە ناشەرعییەکان. ئەگەر حکومەتی عێراق ئەم رێککەوتنەی جێبەجێ کرد، خەڵکیش دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان، چونکە ئەم رێککەوتنە لایەنی ئەمنی لە ناوچەکە بەهێز دەکات".

ماوەی سێ ساڵە، چەندین هێزی جیاجیا لە رەبیعە و زوممار دامەزراون، کە حکومەت نەیدەتوانی کۆنترۆڵیان بکات، ئەمەش بووەتە جێگەی مەترسی لەسەر خەڵکی دەڤەرەکە، بۆیە کەسایەتییەکانیان داوا دەکەن هەموو هێزە ناشەرعییەکان دەربکرێن.

محەممەد دەهێش، کەسایەتیی هۆزی شەمەر جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەوانیش وەکو هۆزی شەمەر پشتیوانی لەو رێککەوتنە دەکەن "ئێمە، لەگەڵ رێککەوتنەکەداین و داخوازیمان ئەوەیە پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی ناکۆکیان لەسەرە، بەڕەهاییش هەموو هێزە نایاساییەکان رەتدەکەینەوە، چونکە ئەو هێزانە تەنیا نوێنەرایەتیی خۆیان دەکەن، نەوەک خەڵکی دەڤەرەکە. ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی خەڵکدایە، چونکە ئەو کاتەی پێشمەرگە لە دەڤەرەکە بوون، خزمەتگوزاری و هێمنی دابینکرابوون و، ئێمە هیچ جیاوازییەکمان لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بەدی نەکرد، چونکە بینیمان لە شەڕی دژی داعشدا بەیەکەوە شەڕیان کرد و خوێنیان رژا".

دوای 16ـی ئۆکتۆبەر و کشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رەوش لەو ناوچانە ئاڵۆز بووە، هەرجارێک خەڵک گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان، خواستوویانە حکومەتی عێراق بەهانایەوە بچێت تاوەکو ژیان ئاسایی بێت، بۆیە ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال دەبێتە هەنگاویک بۆ ئەوەی لە دەڤەرەکانی دیکەش رێککەوتنی هاوشێوە واژۆبکرێن و یاسا تێیاندا سەروەر بێت.

 

هـ.ر.