ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەکات

ئەردۆغان: خەریکە دەوڵەتێکی تیرۆریستی دروستدەکرێت.

K24 - هەولێر

سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لە رۆژئاوای کوردستان دەکات و، دەڵێ (پەکەکە) لەو ناوچەیە سەرقاڵی دروستکردنی قەوارەیەکی تیرۆرستین، بۆیە هەموو رێگەیەک بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی ئەو قەوارەیە دەگرنەبەر.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوێنێ (شەممە، 24-10-2020) له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌می لقی قه‌یسه‌ریی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) رایگەیاند "هەوڵ هەیە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیرۆرستی لەسەر سنووری سووریا عێراق... بەڵام تورکیا رێگەنادات گۆمێکی تیرۆریستی لە سنوورەکانی دروست ببێت و دەستەوەستانیش ناوەستێت".

ئەردۆغان گوتی "بەڕاشکاوی دەیڵێم، تورکیا هەرگیز رێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیرۆرستی نادات لە نزیک سنورەکانی خۆی. بۆ ئەمەش هەرچییەک پێویست بێت، دەیکەین. دەبێت لەبیرنەکرێت تاوەکو ئێستا ئێمە چیمان گوتووە، کردوومانە، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی هاوپەیمانی، دۆستان و هاوکاران لە ناوچەکە نییە، چونکە ئەگەر بەڕاستی هاوپەیمانمانن، دەبێت رێزمان لێ بگرن".

تورکیا بە یارمەتی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە کانوونی دووەمی 2018 ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەناوی "چڵە زەیتوون" بۆ دەستبەسەرداگرتنی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و، لە مانگی ئازاری 2018 سوپای تورکیا سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ناوچەی عەفرین و دەوروبەری راگەیاند.

 

هـ.ر.