چین بە بڕی 5 ملیار دۆلار پڕۆژەیەك لە ھەولێر جێبەجێ دەكات

پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونی گەشتیاری دەبێت

K24 – ھەولێر

حكومەتی چین لە رێگەی كەرتی تایبەت بە بڕی 5 ملیار دۆلار پڕۆژەیەك لە ھەولێر جێبەجێ دەكات و بەمەش زیاتر لە 8 ھەزار ھەلی كار بۆ ھاووڵاتییان دەرەخسێت.

سامان عارەب، سەرۆكی لقی ھەولێری دەستەی وەبەرھێنان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ كۆمپانیای پەكین-ی چینی دەرخستەیان پێشكەش بە دەستەی وەبەرھێنان كرد، بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی گەشتیاریی و نیشتەجێ بوون، بەپێی دەرخستەكە پڕۆژەكە ھەمەلایەنە و بە بڕی 5 ملیار دۆلار جێبەجێ دەكرێت".

گوتیشی: "بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە 8 ھەزار ھەلی كار دەڕەخسێت".

سەرۆكی لقی ھەولێری دەستەی وەبەرھێنان، ئاماژەی بەوەشدا: "دەرخستەی پڕۆژەكەمان ئاراستەی شارەوانی ھەولێر كردووە و وەزیری شارەوانی و سەرۆكی شارەوانی ھەولێر لەسەر خەتن بۆ دابینكردنی زەوی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، شوێنێك دیاركراوە، وەبەرھێنەرە چینییەكە سەردانی زەوییەكی كردووە كە دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای ھەولێر".

راشیگەیاند: "ئەو كۆمپانیا چینییە پڕۆژەی ھاوشێوەی لە چەند وڵاتێكی دیكە ئەنجامداوە، پڕۆژەكە شارێكی گەشتیاری نیشتەجێبوون دەبێ دەریاچەی ئاو و شوێنی وەرزشی لەناو شارەكەدا ھەیە".

روونیكردەوە: "لە دوای دابینكردنی زەوی و تەواوبوونی رێكارەكان دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت  كە لەسەر رووبەری 2 ھەزار دۆنم زەوی ئەنجامدەدرێت".

ھ.م