وەزیری تەندروستیی عێراق ئاشکرای دەکات کێ یەکەمجار ڤاکسینی کۆرۆنای پێدەدرێت
K24 - هەولێر
لەکاتێکدا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق لە 450 هەزار کەس نزیکدەبێتەوە، وەزیری تەندروستی عێراق ئاشکرای دەکات، کێ لە عێراق یەکەمجار ڤاکسینی کۆرۆنای پێدەدرێت.
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-10-2020) بە رۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمیی عێراقی راگەیاندووە "ئەو کەسانەی لە عێراق یەکەمجار ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدەدرێت، پێکدێن لەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 50 ساڵەوەیەوە، کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان و وەزارەتی تەندروستی، هەروەها ئەو کەسانەش کە نەخۆشیی دریژخایەنیان هەیە".
ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی یەکەمجار ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدەدرێت لە عێراق لەکاتێکدایە، هێشتا لە جیهاندا هیچ ڤاکسینێک بە فەرمی بەکارنەهاتووە، هەموو ئەو ڤاکسینانەی دروستیشکراون، لەژێر تاقیکردنەوەدان.
دوای نزیکەی ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێشتا جیهان بەدەستیەوە گیرۆدەیە و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی تووشبووانی زیاتر دەبن. عێراقیش یەکێکە لە زەرەرمەندترین وڵاتانی ناوچەکە بەو ڤایرۆسە لەڕووی زۆریی ژمارەی مردن و تووشبوون بە پەتاکە.
هەر لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی ئەمساڵ گوتبووی "عێراق یەکەم وڵات دەبێت، کە ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەردەگرێت، ئەگەر لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسندبکرێت".
هـ.ر.