سەرەڕای سزاكان ئێران بەردەوامە لە ھەناردەی بەرھەمە نەوتییەكانی بۆ عێراق

ئێران 60% ھەناردەكانی بەنزینی بۆ عێراق دەنێرێت

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی سەندیكای ھەناردەكارانی بەرھەمە نەوتییە ئێرانییەكان رایدەگەیەنێت، سەرەڕای سزاكانی ئەمەریكا، بەڵام ھەناردەی بەرھەمە نەوتییەكانی ئێران بۆ عێراق نەوەستاوە و 60%ـی ھەناردەكانی بەنزینی ئێران بۆ بازاڕەكانی عێراق دەڕوات.

حەمید حوسێنی، گوتەبێژی سەندیكای ھەناردەكارانی بەرھەمە نەوتییە ئێرانییەكان لە لێدوانەكەیدا بۆ ئاژاسنی فارسی ئێرانی ئاماژەیداوە، بەھۆی ئەو قەدەغەیەی ئەمەریكا لەسەر كەرتی نەوتی دایناوە، ناتوانن بڕی ھەناردەی بەنزینی ئێرانی ئاشكرا بكەن.

جەختیشیكردەوە، سەرجەم بەرھەمە نەوتییەكان كە لە بورسەدا خراوەتەڕوو، لەلایەن كەرتی تایبەتەوە كڕدراوە و ئەوان ھەناردەكردنەكەی دەگرنە ئەستۆ.

پەیوەست بەو قازانجەی كە لە بەرھەمە نەوتییەكان تۆمار دەكرێت، حوسێنی رایگەیاند، ھیچ كێشەیەكیان لەو رووەوە نییە، چونكە قازانجەكە یان لە رێگەی كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەگوازرێتەوە یانیش بە شێوەیەكی راستەوخۆ رادەستی بازرگانە ئێرانییەكان دەكرێت.

سەبارەت بە داھاتی كارەبا و گازی كە لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق دابیندەكرێت، گوتەبێژی سەندیكای ھەناردەكارانی بەرھەمە نەوتییە ئێرانییەكان گوتی، ئەو گفتووگۆیانەی كە بانكی ناوەندی و وەزارەتی رێگاوبانەكانی ئێران لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان ئەنجامیانداوە لە كاتی سەردانیكردنیان بۆ بەغدا، توانیان بگەنە رێككەوتنی كۆتایی دەرباری ئەو پرسەوە.

حوسێنی ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق بڕی 5 ملیار دۆلاری ھاوردەی گاز و كارەبا بە ئێران قەرزدارە، حكومەتی عێراقیش لەسەر پێدانی ئەو بڕە پارەیە رەزامەندی دەربڕیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕێكی ئەو پارەیە لە ھەژمارێك لە بانكی عێراقیدا دادەنرێت و رێككەوتن كراوە بەوەی كە كۆمپانیاكانی ئێران كاڵا لە كۆمپانیای بیانی ھاوردە بكات و لە بەرامبەریشدا بانكە عێراقییەكە پارەكان بدات.