لیرەی توركی بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێت

ھەر دۆلارێكی ئەمەریكی بە 8 لیرە و 80 قوروش لە بازاڕەكاندا مامەڵەی پێوە كراوە

K24 - ھەولێر

لیرەی توركی بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێت و ھەر دۆلارێك بەرامبەرە بە زیاتر لە 8 لیرە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لە دوایین مامەڵەكانی دراودا، ھەر دۆلارێكی ئەمەریكی بە 8 لیرە و 80 قوروش لە بازاڕەكاندا مامەڵەی پێوە كراوە، بەوەش نزمترین ئاست تۆمار دەكات لە مێژوویدا.

ھاوكات سەرەڕای ئەوەی پێشبینیدەكرا بانكی ناوەندی توركیا نرخی سوودی سەرەكی 175 خاڵ بەرزبكاتەوە و بیگەیەنێتە 12% كە ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ ئەدای لاوازی ئەو دراوە توركییە و بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان، بەڵام  ھەفتەی رابردوو بانكەكە نرخی سوودی بێ گۆڕانكاری ھێشتەوە .

ئەوەش لە كاتێكدایە ھەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی توركی 25%ـی بەھاكەی لەدەستدا بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی.