پڕۆژەیەك بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی ھاوبەشی ھەردوو حزبی دیموكرات دەخرێتەڕوو

ناوێك بۆ دوای یەكگرتنەوەی ھەردوو حزب دیار كراوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

ئەندامێكی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، پڕۆژەیەكیان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی ھاوبەش، داوەتە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران. ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر رێككەوتن تا بەستنی كۆنگرە لەژێر ناوێك درێژە بە تێكۆشان دەدەن.

كەمال كەریمی، ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) بە كوردستان24ی راگەیاند: "چەند ساڵێكە لە ھەوڵداین بۆ سازكردنی زەمینەی یەكگرتنەوەمان، بەڵام ھەرجارە و بابەتێك بووتە بەربەست، لە ھاوینی ئەمساڵدا گفتوگۆكانی نێوانمان لەگەڵ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) دەست پێكردووەتەوە و لێپرسراوی گشتی حدكا و سكرتێری گشتی حدك بە بەشداری ئەندامانی دەفتەری سیاسی ھەردوولا كۆبوونەتەوە و توانراوە زەمینەیەكی باشتر دروست بكەین و گفتوگۆی دەستەكان بەردەوامە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغەی یەكگرتنەوە رابگەیەنین".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێمە رامانگەیاندووە، ئەگەر حزب یەكی گرتەوە تا بەستنی كۆنگرە، لەژێر ناوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران درێژە بە تێكۆشان دەدەین".

كەمال كەریمی، راشیگەیاند: "بەربەستەكان بۆ یەكگرتنەوەی حزبی دیموكرات، زیاتر لەسەر كاری رێكخراوەییە كە پێش جیابوونەوە ھەبوو، بەڵام تارادەیەك لە دانیشتنەكان گەیشتووینەتە ئەو قۆناغە كە ناخۆشی لەنێوانمان نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە تەنھا یەكتر قبوڵكردنە".

باسی لەوەشكرد: "لەم دۆخەدا پێمان وایە باشترین شت یەكگرتنەوەی ھەردوو حزبی دیموكراتە بۆ پێشھاتە سیاسییەكانی ناوچەكە، لەگەڵ حزبەكانی دیكەش ناوەندی ھاوكاریمان ھەیە، بۆ ھەماھەنگی لە ھاتنە پێشەوەی ھەر گۆڕانكاریی و پێشھاتێك، بەڵام ئێستا ئەولەویەتی ئێمە یەكگرتنەوەی ھەردوو حزبی دیموكراتە".

ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی (حدك) ئاشكرای كرد، پڕۆژەیەكیان بۆ یەكگرتنەوە داوەتە (حدكا)، و دەڵێ: "لەو پڕۆژەیە كە ئاراستەی (حدكا)مان كردووە باسی كۆنگرەی ھاوبەش دەكەین، دەبێ پێشتر لەسەری ساغبینەوە، كە چۆن كۆنگرە دەبەستین و كێ بەشداری دەكات و پلانی كۆنگرە چی دەبێت؟ ھەروەھا دوای كۆنگرە پلانمان چی دەبێت؟، ھیوادارین زووتر ئەم كارە راپەڕێنین".