په‌كه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ و به‌كارهێنانی هێز له‌ شنگال ده‌كات

"حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا ده‌توانن له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی سكاڵا له‌ دژی په‌كه‌كه‌ تۆمار بكه‌ن"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

پسپۆرانی سەربازی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان رایدەگەیەنن، پەکەکە ناتوانێت هێز دژی جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بەکاربهێنێت و دەشڵێن: لە هەر حاڵەتێکی بەکارهێنانی هێز، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەتوانن لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵای لە دژی تۆمار بکەن و ئەو هەڕەشانەی پەکەکەش دەچنە خانەی هەڕەشەی دەرەکییەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال، پەکەکە هه‌وڵی جۆراوجۆر بۆ رێگریكردن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە دەدات، نويترين هه‌وڵیشیان هەڕەشەی به‌كارهێنانی چه‌كه‌. له‌مباره‌شه‌وه‌ محه‌مه‌د سابیر، پسپۆڕی سەربازی دەڵێت: پەکەکە لە شنگال هەموو هاوکارییەکی لە حەشدی شەعبی وەرگرتووە، ئەگەر پەکەکە هێز دژی جێبەجێکردنی ئەم رێکەوتنە بەکاربهێنێت، بە واتای ئەوەیە حکومەتی عێراقی دژی رێکەوتنەکە وەستاوەته‌وه‌.

له‌كاتێكیشدا رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەمەریکا ئەنجام دراوە، بۆیه‌ وه‌ك ئاراس عه‌بدوڵڵا، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، پەکەکە هەر کاردانەوەیەکی هەبێـت هەردوو حکومەت دەتوانن سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی دەبێت، چونكه چالاکیەکانی پەکەکە دەچنە قاڵبی تیرۆرەوە.

بەشێك لە رێکەوتنەکەی شنگال ئەوەیە، كه‌ دەبێت هەموو هێزه‌ ناشەرعییه‌كان له‌ شنگال بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، بە تایبەت پەکەکە، بەڵام پەکەکە رێگەی جۆراجۆری گرتووەتەبەر، بۆ رێگریكردن لە جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە، بەرپرسێکی ئه‌و هێزه‌ش هەڕەشەی سەربازی دەکات، له‌ به‌رامبه‌ریشدا پسپۆرانی سەربازی پێیانوایە ئەم هەڕەشانە تەنها قسەیە و پەکەکە دەبێت ئەو شوێنانە چۆڵ بکات، ئەگەر نا کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان دژی پەکەکە توند دەبن.

H.B