یانه‌ی هه‌ولێر له نێو جه‌رگه‌ی به‌غدا داستانی سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد

له یه‌كه‌مین یاری وه‌رزی 2020 ـ 2021ـی خولی نایابی عێراق، یانه‌ی هه‌ولێر له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی له به‌غدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی ئه‌مانه‌ی به‌غدا بووه‌وه، یارییه‌كه‌شی به 2 گۆڵی بێوه‌ڵام برده‌وه.
له گێمی یه‌كه‌م هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی تۆڕی یه‌كتر بهه‌ژێنن، به‌ڵام رادان گاسانین راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر له گێمی دووه‌م هه‌موو شتێكی له به‌رژه‌وه‌ندی قه‌ڵای زه‌رد به‌كۆتا هێنا، كاتێك هه‌ولێرییه‌كان له ماوه‌ی 5 خوله‌ك دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌كیان كرد.
سه‌ره‌تا شێركۆ كه‌ریم له خوله‌كی 70 شریتی گۆڵه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی یانه‌ی هه‌ولێری بڕی و یه‌كه‌مین گۆڵی له‌م وه‌رزه تۆمار كرد، دواتر له خوله‌كی 75 بارزان شێرزاد ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌سه‌ر یانه‌ی ئه‌مانه دوو هێنده لێ‌كرد، به‌مه‌ش یانه‌ی هه‌ولێر له یه‌كه‌مین گه‌ڕی ئه‌م وه‌رزه به 2 گۆڵی بێوه‌ڵام سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد.
یانه‌ی هه‌ولێر رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو له نێو یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریری له دووه‌مین یاری ئه‌م وه‌رزه میوانداریی یانه‌ی زاخۆ ده‌كات.
