پەرلەمانی عێراق تاوتوێی یاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی دەکات

گۆڕانکاری لە داڕشتنی یاساكە دەکرێت

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی یاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی بکات.

بە گوێرەی راگەیاندراوێکی نووسینگەی حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئەمڕۆ بە ئامانجی تاوتوێکردنی یاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی، لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی کەعبی کۆدەبێتەوە.

هاوکات لیژنەی دارایی رایگەیاندبوو، فراکسیۆنە سیاسییەکان لە پەرلەمان کۆکن لەسەر تێپەڕاندنی یاسای کورتهێنانی دارایی، بەڵام گۆڕانکاری لە داڕشتنی یاساکە دەکەن.

لەوبارەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی ئاماژەی بەوەدا، یاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، کۆدەنگییەک هەیە لەسەر تێپەڕاندنی، بەڵام هەندێک گۆڕانکاری لە داڕشتنەکەی دەکرێت کە لە لایەن حکومەتەوە رەوانە کراوە.

هاوکات روونیشی کردەوە، لیژنەی دارایی چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەو بانکانە ئەنجامداوە کە بڕیارە قەرزیان لێ وەربگرێت.