بەنداوەكانی توركیا، عێراق دەخەنە بازنەیەكی مەترسیدار

بەغدا دەیەوێت لەگەڵ ئەنقەرە بگەنە رێككەوتن

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە پڕۆژە ئاوییەكانی توركیا دەربڕی، كە ئەنقەرە پلانی جێبەجێكردنی داناوە و بە نیازە لەسەر رووباری دیجلە ئەنجامیبدات، كە ئەوەش مەترسی گەورە لەسەر بەشی عێراق لە ئاوی رووبارەكە دروستدەكات.

عەون زياب، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق  رایگەیاند، عێراق ساڵانێكە رووبەڕووی كەمی سەرچاوەكانی ئاو بووەتەوە، لە ئەنجامی پڕۆژەكانی ئاو كە لەلایەن توركیا و ئێرانەوە لەسەر رووبارەكانی نزیك لە عێراقەوە ئەنجامدەدرێن، وڵاتەكەی دووچاری وشكبوون كردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ھیواخوازن بەغدا بتوانێت لەو رووەوە بگاتە لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەنقەرە بۆ ئەوەی زیانی زیاتری بەرنەكەوێت.

زياب، جەختیشیكردەوە، مانگی ئابی ئەمساڵ دوو شاندی عێراق و توركی كۆبوونەوەیەكی داخراویان كرد، بۆ ئەوەی تاوتوێی پڕۆژەی بەنداوی ئەلیسۆ بكەن كە توركیا لەسەر رووباری دیجلە جێبەجێی دەكات.

گوتیشی، مەترسییەكان بەھۆی ئەو پڕۆژانەوەی دروستبووە كە توركیا لەسەر رووبارەكە جێبەجێی دەكات، كە ھاوكاتە لەگەڵ تەواوبوونی كۆمەڵێك پڕۆژەی دیكەی، كە بێجگە لە بەنداوی ئەلیسۆ، بەنداوی سیلیفاب لە باكووری دیاربەكر و بەنداوی جزرە لە باشووری بەنداوی ئەلیسۆیە، لە ئەگەری تەواوبوونی سەرجەم ئەو پڕۆژانە و جێبەجێكردنی پلانەكان لەلایەن توركیاوە لەسەر رووباری دیجلە، كاریگەری نەرێنی بەرچاوی لەسەر ھاوردەكانی عێراق لە ئاو ی ئەو رووبارە دەبێت، ھەر بۆیە بەغدا ھەموو ھەوڵێك دەدات لەگەڵ ئەنقەرە بۆ ئەوەی بتوانێت پشكی خۆی لەو ئاوە بپارێزێت .

لەبارەی ئێرانیشەوە گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق ئاماژەیدا، دانوستاند لەنێوان بەغدا و تاران دەرباری رووبارە سنوورییەكانی نێوان ھەردوو وڵات بێ ئەنجام بووە، پێویستی بە لێكتێگەیشتنی دوولایەنە ھەیە و عێراق ھیواخوازە بگاتە رێككەوتن لەگەڵ ئێران، سەبارەت بە سەرجەم رووبارە سنوورییەكان كە ئاڕاستەكەی لەلایەن ئێرانەوە بەرە عێراق دێت و دواجار چارەسەری كۆتایی بە رێككەوتنێكی سیاسییەوە دەبەسترێتەوە لە نێوان ھەردوو وڵات، بۆ ئەوەی سەرجەم مەترسییەكانی عێراق لەو رووەوە نەمێنێت.