حكومەت ھاوكاری 140 ھەزار خێزانی كەمدەرامەت دەكات

ھاوكاریەكەی حكومەتی ھەرێم خەڵكی كەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت لە سنووری ھەر چوار پارێزگا دەگرێتەوە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە سنووری ھەر چوار پارێزگا، ھاوكاری بەسەر 140 ھەزار خێزانی كەمدەرامەت دابەش دەكات.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو ھاوكاریەی بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكان دابەش دەكرێت بڕەكەی 100 ھەزار دینارە، یەكێكە لەو ھاوكاریانەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری لێداوە".

روونیكردەوە: "لە ھەولێر 49 ھەزار خێزان، سلێمانی 36 ھەزار خێزان، دھۆك 35 ھەزار، ھەڵەبجە 13 ھەزار و گەرمیانیش سەرووی 7 ھەزار خێزان لەو بڕە ھاوكارییە سوودمەند دەبن و لە ئایندەیەكی نزیك دەست دەكرێت بە دابەشكردنی".

لەبارەی میكانیزمی دیاركردنی خێزانەكان، وتەبێژی وەزارەتی كار گوتی: "خێزانە كەمدەرامەتەكان لە ھەندێك شوێن لە رێگەی دابەشكردنی فۆڕم و لە ھەندێك شوێنیش لە رێگەی موختاری گەڕەكەكان دەست نیشان كراون، ئەولەویەتیمان داوە بە خەڵكی ھەژار و خاوەن پێداویستی تایبەت، ھەروەھا ئەو كەسانەش لە لیستەكەدا ھەن كە مووچەیەكی كەمیان ھەیە و بەشی بژێوی ژیانیان ناكات".

راشیگەیاند: "لە رێگەی وەزارەتی كارەوە حكومەت بەردەوام لە ھاوكاریكردنی خەڵكی ھەژار و كەمدەرامەت، ژمارەیەك لە رێكخراو و سەرمایەداریش لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھاوكارمان بوونە بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵكی كەمدەرامەت بدەین".