بۆ دابینکردنی مووچە حکومەت و پەرلەمانی عێراق بە دوای دەرچەیەک دەگەڕێن

لیژنەی دارایی و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی تاوتوێی دابینکردنی مووچە دەکەن

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژە یاسای قەرز، لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی کۆدەبنەوە.  بەر لە کۆبوونەوەکان هۆشداری دراوە، بەوەی بۆ دابینکردنی مووچە پەنا بۆ چاپکردنی دراو ببرێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، درەنگکەوتنی مووچەی فەرمانبەران هیچ پەیوەندییەکی بە پڕۆژە یاسای قەرزەوە نییە،و پێویستە حکومەت لەوە تێبگات هیچ شتێک ئەو دوو بابەتە بە یەکەوە نابەستێتەوە. لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکات پێویستی حکومەت بۆ قەرز نابێت بگاتە 15 تریلیۆن دینار.

ئاماژەی بەوەشدا، درەنگکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە بەرپرسیارێتی لیژنەی دارایی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئاراستەیەک هەیە لە نێو لیژنەکەیان بۆ رەتکردنەوەی پڕۆژە یاسای قەرز، بەڵام هەندێک لایەن گوشار بۆ تێپەڕاندنی دەکەن.

کۆچەر، ئاشکراشی دەکات، عێراق بە قەبارەی 124 ملیار دۆلار قەرزدارە، بۆیە پڕۆژە یاساکە بە ئاسانی تێناپەڕێندرێت، بۆ ئەوەش ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی تاوتوێی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکەن، لە رۆژانی داهاتووش بانگهێشتی وەزیری دارایی و بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانان دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، د. ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئاشکرای دەکات، بۆ تاوتوێی چاپکردنی دراوی نوێ لە چەند رۆژی داهاتوو بانگهێشتی پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکەن،  چونکە زیانی زۆری دەبێت و راستەوخۆ وڵاتەکە رووبەڕووی هەڵاوسان دەکاتەوە.