"نزیکەی 24 هەزار کەس لە عێراق زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن"

ژمارەیەكیان لە یەك كاتدا مووچەی حكومەت و چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن

K24 - ھەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئاشکرای دەکات، کە نزیکەی 24 هەزار کەس لە عێراق لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن.

عادل حاشوش، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاندووە، دوای بە دواداچوونی وەزارەتەکەیان بۆیان دەرکەوتووە ژمارەی ئەو کەسانەی زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن نزیکەی 24 هەزار کەسە، ئەو کەسانەش لە هەردوو چینی فەرمانبەران و خانەنشینانن لە زۆربەی فەرمانگەکانی دەوڵەتیش دان.

روونیدەکاتەوە، وەزارەتەکەیان لە پرۆسەی وردبینی بەردەوامە، و چەندین کەس هەن فەرمانبەرن یاخود خانەنشینن لە هەمانکاتدا مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن.

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەیەکی لە فەرمانبەران و خانەشینان لە کاتی راییکردنی مامەڵەکانیان دەرکەوتوون کە سەرەڕای مووچەی حکومی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتیش وەردەگرن، ئەوانەش ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی پێنج هەزار کەس.

ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی بڕینی مووچەکانیان لەگەڵ وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان بەردەوام دەبێت.