لیرەی توركی داڕما

گورز بەر ئابووری توركیا دەكەوێت

K24 - ھەولێر

گورزێكی  بەھێز بەر ئابووری توركیا دەكەوێت و بەھای لیرەی توركی بۆ نزمترین ئاست دابەزی.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە دوایین مامەڵەكانی دراودا بەھای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بۆ نزمترین ئاست دابەزی، كە ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ مەترسییەكان’ تێكچوونی دۆخی دارایی وڵاتەكە.

لە میانی مامەڵەكانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ھەر دۆلارێكی ئەمەریكی بەرامبەر بوو بە 8 لیرە و 30 قوروش، كە ئەوەش خراپترین ئاستی بووە لە ساڵی 1999ـەوە تاوەكو ئێستا.

تێكچوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا و ھەروەھا ناكۆییەكان لەگەڵ فەرەنسا، ئەوە بێجگە لە ئەو ناكۆكییەی لەگەڵ یۆنان ھەیە لەسەر مافی دەریایی كە بووەتە ھۆی نیگەرانی وەبەرھێنەران، رەنگدانەوەی خراپی لەسەر بەھای دراوی توركیدا ھەبووە.

لە ماوەی ئەمساڵدا لیرەی توركی 26%ـی بەھاكەی لەدەستداوە، ھەروەھا لە 2017دا زیاتر لە نیوەی بەھاكەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی لەدەستدا، بەوەش بووە خراپترین دراو لە بازاڕە تازە گەشەسەندووەكاندا.