شاره‌زایه‌كی ئابووری: باشترین چاره‌سه‌ر دابه‌زاندنی به‌های دیناری عێراقییه
K24 – هه‌ولێر:
ئاراس قادر خۆشناو، شاره‌زای بواری ئابووری و كارگێڕی، رایگه‌یاند، ئه‌و بڕه قه‌رزه‌ی حكومه‌تی عێراق خه‌مڵاندوویه‌تی ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌یه و ئه‌گه‌ر به‌غدا قه‌رز وه‌ربگرێت، كێشه بۆ پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی 2021 درووست ده‌بێت. گوتیشی: باشترین چاره‌سه‌ر له ئێستادا ئه‌وه‌یه عێراق به‌های دینار دابه‌زێنێت و ئه‌گه‌ر چاكسازی راسته‌قینه‌ش نه‌كرێت، به گوێره‌ی راپۆرتی بانكی نێوده‌وڵه‌تی عێراق له لێواری داڕمانێكی ئابووری و داراییه.
حكومه‌تی عێراق پڕۆژه‌یه‌كی گه‌ڵاڵه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سندی بكات و به گوێره‌ی پڕۆژه‌كه، عێراق پێویستی به (41) ترلیۆن دیناره به قه‌رز وه‌ری بگرێت، هه‌رچی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه، پێی وایه ئه‌و بڕه پاره‌یه، زۆر له پێویستی ئێستای حكومه‌تی عێراق زیاتره.
له ساڵی دارایی عێراقدا، ته‌نیا (3) مانگ ماوه و بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق، به‌غدا پێویستی به‌وه‌یه قه‌رز بكات.
له‌و باره‌یه‌وه، له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه ئابوورییه‌كانی "كوردستان24" و له وه‌ڵامی بێژه‌ری هه‌واڵه ئابوورییه‌كان، "ئه‌ژین قادر"، مامۆستای زانكۆ و شاره‌زای ئابووری و كارگێڕی، "د. ئاراس قادر خۆشناو" رایگه‌یاند، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی خه‌مڵێندراوه یه‌كجار زۆره، به گوێره‌ی پڕۆژه یاساكه، داهاتی نه‌وت له‌و چوار مانگه (19.7) ترلیۆن دینار و (2) ترلیۆن دۆلاریش داهاتی ناوخۆ ده‌بێت. واته بۆ چوارمانگی كۆتایی ئه‌مساڵ عێراق خاوه‌نی (22) ترلیۆنه، (5) ترلیۆنی ده‌درێت به هه‌قده‌ستی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و (521) ملیار دیناریش قه‌ره‌بووی زیانه‌كانی كوه‌یته. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه بۆ خه‌رجییه‌كانه.
گوتیشی: "ئه‌وان باس له خه‌رجییه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن (58) ترلیۆنه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ مووچه بێت كۆی گشتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ناگاته (6) ترلیۆن دینار، مانگی ئه‌یلوولیش تێپه‌ڕی. واته (3) مانگ ماوه. واته پێویستت به (18) ترلیۆن دینار هه‌یه بۆ مووچه. له كاتێكدا (20) ترلیۆنت هه‌یه. راسته ده‌وترێت به‌شێكی بۆ قه‌رزه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و بڕه‌ی داوای ده‌كرێت، زۆره".
سه‌باره‌ت به گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی قه‌رز، "خۆشناو" گوتی: "له رووی داراییه‌وه خراپترین شت په‌نابردنه بۆ قه‌رز. عێراق به‌ره‌و نه‌بوونی ئابووری و سیاسه‌تی دارایی ده‌بات. چاره‌سه‌ر، چاكسازییه، كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانه، هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌ی داهاته، بیركردنه‌وه‌یه له پرسی ئه‌ندازه‌ی دارایی بۆ په‌یداكردنی سه‌رچاوه‌ی دیكه و داڕشتنی سیاسه‌تی نه‌ختینه‌یه".
هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته عێراق گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان دوابخات. عێراق هه‌نارده‌ی نه‌وتی زیاتر بكات، ده‌ست به چاكسازی بكات. گه‌وره‌ترین پرسیار ئه‌وه‌یه، باس له ژماره‌ی كارمه‌ندان له عێراق ده‌كرێت، خودی وه‌زیری پلاندانان ده‌ڵێت نازانم ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران چییه".
روونیشیكرده‌وه، "ئه‌گه‌ر عێراق (41) ترلیۆن قه‌رز بكات، ئه‌گه‌ر چوار مانگ حساب بكه‌ین، (1.3) ترلیۆن ده‌بێت. واته له كۆی گشتی (%2) ده‌كات، كاتێك له (2021) بودجه داده‌نرێت له پشكی هه‌رێم كه‌مده‌بێته‌وه و كێشه بۆ پشكی هه‌رێم درووست ده‌بێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، وه‌ك شاره‌زایه‌كی ئابووری، رێگه چاره‌یه‌كی دیكه شك ده‌بات و گوتی: "چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ش هه‌یه، كه بانكی ناوه‌ندی نایه‌وێت بیكات، كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌های دیناری عێراقییه. به مه‌رجێك نه‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان دوور بكه‌وێته‌وه و هاووڵاتی توانای كڕینی پێداویستی له ده‌ست بدات. به‌ڵام به بۆچوونی تایبه‌تیم، بۆ ئه‌مڕۆ یه‌كێك له چاره‌سه‌ره نموونه‌ییه‌كان دابه‌زاندنی به‌های دراوی عێراقییه".
له باره‌ی رێگه‌ی چاپكردنی دیناری عێراقی و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌و باره‌وه ده‌درێن، "ئاراس قادر خۆشناو" گوتی: به گشتی (50) ترلیۆن دینار چاپكراوه. یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی (40) ملیار دۆلاره. له (2019) عێراق (67.9) ملیار دۆلار یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی هه‌بووه. ئێستا زۆر دابه‌زیوه. ساڵی داهاتوو ده‌بێته (13.6) و له (2022) عێراق (3.6) ملیار دۆلاری ده‌مێنێت. ئه‌و كات به‌های دینار زۆر ده‌شكێت و هه‌ڵاوسان درووست ده‌بێت. چاپكردنی دراو له ئێستادا زۆر په‌سند نییه. چونكه له كۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت. پێویسته به به‌رنامه‌یه‌كی پته‌و به‌های دراو دابه‌زێنرێت".
سه‌رنجیشی بۆ ئه‌وه راكێشا، "به گوێره‌ی راپۆرتی بانكی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌گه‌ر عێراق چاكسازی راسته‌قینه نه‌كات له لێواری داڕمانی دارایی و ئابووریدایه".
داڕشتنه‌وه: ئ.ڕ