سەرۆکی لوبنان رەتیدەکاتەوە دەست لەکاربکیشێتەوە

"لێکۆڵینەوە لەبارەی تەقینەوەکەی بەیرووت درێژە دەکێشێت و هەموو ئەگەرەکان کراوەن"

K24 - هەولێر

سەرۆکی لوبنان مەزەندە دەکات لێکۆڵینەوە لە هۆکاری راستەقینەی تەقینەوەکەی بەیرووت درێژە بکێشێت، دەشڵێت شتێکی وا لەئارادا نییە ئەو دەست لەکاربکێشێتەوە.

کەمتر لە دوو هەفتە دوای تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت، کە لایەکی شارەکەی وێران کرد و بووە هۆی کوژرانی 171 کەس، سەرۆکی لوبنان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی (BFMTV)ـی فەرەنسی، رەتیکردەوە دەست لەکاربکێشێتەوە.

میشێل عۆن لە ساڵی 2016ـەوە سەرۆکایەتیی لوبنان دەکات و لەم دواییەدا حکومەتی وڵاتەکەی لەماوەی هەفتەیەکدا دەستی لەکارکێشایەوە بەهۆی تەقینەوەکەی بەیرووت، خۆشی بووەتە سیمبوولی رق و توڕەیی لوبنانییەکان و لە خۆپیشاندانەکانی دوای تەقینەوەکەی بەیرووت بە گەندەڵ تۆمەتباری دەکەن.

لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکە، میشێل عۆن ئاشکرای دەکات "هەموو ئەگەرەکان کراوەن، هۆکاری تەقینەوەکە دەکرێت گوێپێنەدان بووبێت، یان مووشەک"، بەڵام هۆکاری راستەقینە هەرچییەک بووبێت بەگوتەی سەرۆکی لوبنان، "لێکۆڵینەوەکە رەنگە ئەوەندە بەزوویی تەواو نەبێت، کە ئێمە هیوای بۆدەخوازین".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی لوبنان ئاشکرای کرد شارەزایانی فەرەنسی و FBIـی ئەمەریکیش لەگەڵیانن و بەتایبەتی لەڕووی تەکنیکییەوە یارمەتییان دەدەن لە لێکۆڵینەوەکانیاندا.

هەرلەدوای تەقینەوەکەی 4-8-2020ـی بەیرووت، لوبنانییەکان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسان دەکەن، یەکێک لەو بەرپرسانەش میشێل عەونە، بەڵام ئەو بە تەلەڤیزیۆنە فەرەنسییەکەی گوتووە "من لە خەڵکەوە هاتووم. ئەوان بەمن دەڵێن باوکی خەڵک، من هاوبەشی خەمی ئەوانم و لەگەڵیانم".

میشێل عۆن، هۆکاری "بیرنەکردنەوە لە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی" بەمشێوەیە رووندەکاتەوە، "مەحاڵە، لەبەرئەوەی ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی هیچ دەسەڵاتێک نەمێنێت. حکومەت دەستی لەکارکێشاوەتەوە. گریمان من، کە سەرۆکی وڵاتم دەستم لەکارکێشایەوە: کێ دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی دەسەڵات؟ ئەگەر من دەست لەکاربکێشمەوە، دەبێت راستەوخۆ هەڵبژاردن رێکبخرێت، بەڵام رەوشی راستەقینەی وڵات رێگە نادات ئەمجۆرە هەڵبژاردنە رێکبخرێت کە نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵک بکات".