لە کفری كاسبكاران دژی بازگه‌یه‌كی سوپای عێراق هاتنەدەنگ

"چاوه‌ڕوانی هه‌ڵگرتنی بازگه‌كه‌ بووین نەوە‌ك وه‌رگرتنی سه‌رانه‌"
kurdistan24.net

 

K24 - کفری

لە سنوری قەزای کفری، بازگەیەکی سوپای عێراق ھەزاران کاسبکاری بێکار کردووە، بەو ھۆیەوە کاسبکاران خۆپێشاندانیان کرد و، دەڵێن چاوەڕوانی ھەڵگرتنی بازگەکان بوون، نەوەک زیاترکردنیان و وەرگرتنی سەرانە و بەرتیل.

بازگەکەی سوپای عێراق، رێگەنادات ھیچ ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر لە کفریەوە بچێتە ناوچەکانی دیکەی عێراق، هەروەها بەپێچەوانەشەوە رێگەنادات ئەو بارھەڵگرانەی لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە دێن، بچنە شارۆچکەی کفری، ئەمەش ھەزاران ھاووڵاتی بێکار کردووە، بەو ھۆیەوە دوێنێ خۆپێشاندانیان کرد.

عەلی محەمەد، کاسبکارە و یەکێکە لە خۆپیشاندەرەکان، دەڵێ "بۆ ماوەی مانگ و نیوێکە، هیچ ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر بۆی نییە بێتە ناو کفرییەوە و دەرچێت، ئەمەش بە فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، کە ئەو هێڵەی داخستووە و خستوویەتییە خانەقین، هەر ئۆتۆمبێلێک 210 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، داواکارین لە سەرۆکی حکومەت، پەرلەمان و سەرۆکی کۆمار و بەڕێز کازمیش ئەو ناهەقییە قبوڵ نەکات بەرامبەر شاری کفری".

ئاشتی عەبدوڵڵا، کاسبکارێکی دیکە دەڵێ "ئەم رێگایە نەمێنێت وەکو ساڵی 1991ـی لێدێت، کە ئەو رێگایە گیرابوو، هەموو ئیشیان دەکرد و شەقیان لە خەڵک دەدا، ئێستا گوایە بازگەیەکی هاوبەشە و پێشمەرگە و ئاسایشیان لەگەڵدایە، ناهێڵن یەک ئۆتۆمبێل بێتە نێو کفرییەوە".

ھاووڵاتییانی کفری دەڵین چاوەڕوانی ئەوە بوون مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو درووشمانەی بەرزی کردوونەتەوە بیانهێنێتەدی کە دەیگوت "چاکسازی دەکەین و بازگەکانیش ھەڵدەگرین"، کەچی بازگەکان زیاتر کران و وەرگرتنی سەرانە و بەرتیل لەلاین بازگەکانی سوپای عێراقەوە زیاتر بوون.

عوسمان قگارچی، نوێنەری کاسبکاران دەڵێ "ئەمە چاکسازییەکەی کازمییە؟! ئەگەر چاکسازی بەو شێوەیە بێت، هەرگیز نامانەوێت".

ئەو ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرانەی لەم بازگەیەوە رێگەیان پێ نادرێت ھاتووچۆ بکەن، لە بازگە و دەروازەکانی دیکەوە لەبەرامبەر پێدانی بەرتیل و سەرانە بە سەربازەکانی نێو بازگەکان، بە ئاسانی ھاتووچۆ دەکەن.

 

هـ.ر.