بەدواداچوون بۆ پڕۆژه‌ی ئۆتۆبانی بابان ده‌كرێت

كاركردن له‌ پڕۆژه‌ی شەقامی 100 مەتری سلێمانی به‌رده‌وامه
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

دوای ‌دانانی بەردی بناغەی شەقامی ئۆتۆبانی بابان لەلایەن  سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە،‌ نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران لەنزیکەوە سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد، بۆ ئاگادار بوون لە بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە، كە ئێستا  قۆناغی یەکەم کاری تێدا دەکرێت. جگە ‌لەوەش پاكکردنەوە بۆ 30 کیلۆمەتری یەکەم بە تەواوی کراوە، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت، ھەر بەربەستێک بێتە پێش پڕۆژەکە چارەسەری دەکەین.

تیمێك لە ئەنجومەنی وەزیران  لە نزیكەوە پڕۆژەی بەڕێوەچوونی شەقامی ئۆتۆبانی بابانی بەسەركردەوە و  رایگەیاند، ھەر بەربەستێك بێتە بەردەم پڕۆژەكە ئەوا چارەسەری دەكەن، بۆ ئەوەی كارەكانی شەقامی ئۆتۆبانی بابان لە سلێمانی بێ كێشە بەڕێوەبچێت.

 پاش بەسەركردنەوەی پڕۆژەكە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان گوتی: "سەرجەم پێداویستییە ماددی و یاساییەكان بۆ پڕۆژەكە دابین كراون، ھەندێك گرفت ھەبووە بەتایبەتی لە رووی زەوییەوە، بەڵام ئێمە لە ئەنجومەنی وەزیران ھەر بەربەستێك بێتە پێش پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی چارەسەری دەكەین".

شاباز حەمە سدیق، بەڕێوبەری پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان بە كوردستان24ی راگەیاند: "سێ مانگە كار لە پڕۆژەكە دەكرێت، ئێستا زیاتر لە 16%ی پڕۆژەكە جێبەجێ كراوە، بڕگەكانی وەك بڕین و پڕكردنەوە و كۆنكرێت و قەنتەرە لەخۆ دەگرێت، ھەفتەی داھاتووش دەست دەكەین بە دروستكردنی پردەكان".

ئۆتۆبانی بابان، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی، کە لە ساڵی 2013 ‌بەردی بناغەی بۆ داندرابوو، بەڵام لە ‌کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردی بناغەکەی بەشێوەیەکی کرداری داندرا، دوای تەنیا رۆژێک لە دانانی بەردی بناغە دەستکرا بەکارکردن لە پڕۆژەکە و تەواوبوونی ئەو شەقامە سلێمانی دەباتە قۆناغێکی گرنگی گەشەی ئاوەدانی.