وردەکاریی هێرشی سەر کەنیسەکەی شاری نیسی فەرەنسا؛ سێ کەس کوژران

شارەداری نیس: هێرشبەرەکە بەردەوام گوتوویەتی ئەڵاهوئەکبەر

K24 - هەولێر

پیاوێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر چەند کەسێک لەبەردەم کەنیسەیەکی شاری نیسی فەرەنسا و سێ کەسی کوشت. هێرشبەرەکە بەلایەنی کەمەوە چەقۆی لە ملی یەکێکیان داوە و چەند کەسێکی دیکەشی بریندار کردووە، پێش ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیربکرێت.

داواکاری گشتیی فەرەنسا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەو هێرشەدا، کە کریستیان ئێستۆرسی، شارەداری نیس رایگەیاند:"هێرشێکی ئیسلامیی فاشیستە".

ئێستۆرسی لە شوێنی رووداوەکەدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند "هێرشکەرەکە بە بەردەوامی دەیگوت ئەڵاهوئەکبەر، تەنانەت دوای ئەوەی بە برینداریش دەستگیرکرابوو و لەژێر کاریگەریی دەرماندا بوو".

ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری سەرچاوەیەکییەوە لە پۆلیس دەڵێ، دوو لە قوربانییەکان لە کەنیسەی نۆتر دام دو نیس گیانیان لەدەستداوە، کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری نیس، کەسی سێیەمیش بە برینداری لە شوێنی هێرشەکە رایکردووە و لە باڕێکی نزیک خۆی حەشارداوە و، لەوێ گیانی لەدەستداوە.

فلۆرانس گاڤێلۆ، گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ "ئێستا رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە".

لەدوای هێرشکردنە سەر بارەگای هەفتەنامەی شارلی ئێبدۆ لە مانگی یەکی ساڵی 2015 لە پاریس، فەرەنسا بەردەوام لە ئامادەباشیدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی هاوشێوە، بەتایبەت لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، کە دادگاییکردنی چەند کەسێک بە گومانی دەستهەبوون لە هێرشەکە دەستیپێکرد.

ئەمە یەکەمجار نییە خەڵکی نیس رووبەڕووی رووداوی وا سەخت دەبنەوە، لە 14-7-2016 ئەو رۆژەی فەرەنسییەکان بە رۆژی باستیل ناوی دەبەن، کەسێک بە بارهەڵگرێکەوە خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کێشا، لەکاتێکدا سەیری یاریی ئاگرینیان دەکرد و 86 کەسی کوشت.

شارەداری نیس هەروەها رایگەیاندووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەزوویی دەگاتە نیس، داواشی کرد کڵێساکانی وڵات ئاسایشی زیاتریان بۆ دابینبکرێت، یان وەکو خۆپارێزییەک دابخرێن.

رەوشەکە لە فەرەنسا ئاڵۆزە، چونکە هێرشەکە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک پێش ئێستا هەزاران کەس لە سەرتاسەری فەرەنسا خۆپیشاندانیان لەدژی سەربڕینی ئەو مامۆستایە کرد، کە کاریکاتێرێکی شارلی ئێبدۆی لەسەر پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) نیشانی قوتابییەکانی دابوو و، دواتر لەلایەن یەکێک لەو قوتابییانەوە لە رێگەی ماڵەوەی کوژرا و سەری بڕدرا.

کوژرانی مامۆستا ساموێل پاتی بەوشێوەیە، بووە هۆی ئەوەی ماکرۆن هەڵمەتێک لەدژی ئیسلامییە تووندڕەوەکانی وڵاتەکەی رابگەیەنێت، هەروەها ئەو مزگەوت و دامەزراوانەی تۆمەتبارن بە تووندڕەوی، دابخرێن.

بەڵام هەنگاوەی ماکرۆن شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایی لە وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی دیکەش دروستکردووە، ژمارەیەکی زۆر موسڵمانی فەرەنسی دەڵێن ماکرۆن موسڵمانان دەکاتە ئامانج، لەکاتێکدا زۆرترین موسڵمان بەراورد بە وڵاتانی ئەوروپا، لە فەرەنسان کە ژمارەیان پێنج بۆ شەش ملیۆن کەس دەبێت.