ئێران دەڤەری برادۆست تۆپباران و بۆردومان دەكات

لە بۆردومانەكەدا فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكارھێنراوە

K24 – سیدەكان

كەمێك پێش ئێستا ئێران لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، چەند ناوچەیەكی دەڤەری برادۆستی بۆردومان كرد، دواتر تۆپخانەكانی ئێران تۆپبارانیان بۆسەر ناوچەكە دەستپێكرد.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان بە كوردستان24ی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان دوای سورانەوەی بە ئاسمانی ناوچە كوێستانییەكانی دەڤەری برادۆست، چەند ناوچەیەكی بۆردومان كرد.

گوتیشی، دواتر تۆپخانەكانی ئێران، تۆپبارانیان بۆ سەر ناوچەكە دەستپێكرد، كوێستانی بەربزین و گوندەكانی تەلان و بن رەشكین و بن پەرێز لە دەڤەری برادۆست بۆردومان و تۆپباران كران.

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو گوندانەی ئەمڕۆ تۆپباران و بۆردومان كران، ئێستا چۆڵكراون، چونكە ناوچەی كوێستانین و گوندنشینان تەنھا لە وەرزی ھاوین بۆ كشتوكاڵ دەچنەوە ئەو گوندانە.