ئهمهریكا: چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
چەند رۆژێک ماوە بۆ ئەوەی بزانین کێ بەرەو کۆشکی سپی دەڕوات ترهمپ یاخود بایدن. بێ گومان ههڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایهتە یەکگرتووەکانی ئهمهریكا تەنیا لەسەر هاووڵاتیانی ئەمەریکا کاریگەری نیە، بەڵکو کاریگەری لە سەر وڵاتانی هاوپەیمان لە ئەوروپا و خودی رێکخراوی ناتۆش هەیە، کە بەم دوایە ترهمپ تەواو پشت گۆیی خستبوون بەتایبەتی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا.
تا ئێستا زیاتر لە 70 ملیۆن ئەمریکی دەنگیان داوە، هەر وەک ئامارەکان ئاماژەی پێدەکەن جۆ بایدن 12 خاڵ لە پێشووی ترهمپە. ئەوەش ئەوە دەگەینێ کە ترهمپ لە ماوەی ئەو چوار ساڵەیدا لە دەسەڵات ئەو کار و گۆڕانکارییانەی کە ئەنجامیداوە جێگەی خۆشحاڵی هاووڵاتیانی نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە کردەوە و بڕیارەکانی وایانکرد کەوا کێشەی رەگەزپەرستی سەرهەڵبداتەوە، ئەمانەش هەمووی کاریگەریان کردە سەر باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەم وڵاتە هەر بۆیە زۆر لە دام و دەزگاکانی ئەمەریکا لەوانەش ویل ستریت پشتگیری خۆیان بۆ بایدن دەربخەن.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە بە درێژایی هەڵمەتەکانی ههڵبژاردن هەردوو رکابەر بەردەوام خەریکی خستنە ڕووی هەڵەکانی یەکتر بوون ، کە کاریگەرییەکی نەرێنی کردە سەر پرۆسەی ههڵبژاردن ، بەتایبەتیش وتە نەشیاوەکانی ترهمپ کە هەوڵیدەدا بە جنێودان رکابەرەکەی لەبەر چاوی هاندەرەکانی نزم کاتەوە. هاوکات کۆمەڵێک مەترسی هەن بۆ سەر ئەنجامدانی پرۆسەی ههڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لەوانەش هەڕەشەکانی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە و داعش، کە بە پێی دەزگا راگەیاندنەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا پشت بەستن بە زانیارییەکانی بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا، ئەگەری هەیە رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی ههڵبژاردنەکە یەک لەو دوو رێکخراوە تیرۆریستیانە هێرشێکی تیرۆریستی بکەنە سەر سێ ویلایەت لە ئەمەریکا ئەوانیش (نیویۆرک،تەکساس، فێرجینیا). هەر بۆ ئەم مەبەستە دەزگا ئەمنیەکان لە ئامادەباشیدان بۆ رێگەنەدان بە ئەنجامدانی هەر کارێکی تیرۆریستی.
مەترسیەکی تریش کە ئەگەری هەیە رووبەڕووی ههڵبژاردنەکە ببێتەوە ئەویش هێرشی ئەلیکترۆنیە بۆ سەر سستەمی دەنگدان چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکردنی، ئەمەش دەبێتە تێکدانی بەڕێوەچونی پرۆسەکە. بەڵام مەترسی گەورە کاریگەری پارتە سەربەخۆییەکانە لەسەر دەنگدەران، کە بە ئەسپی رەش ناودەبرێن لە پرۆسەی دەنگدانەکە. بە پێی دواین ئامار کە ئەنجامدراوە دەرکەوت کە %27 پشتگیری کۆمارییەکان دەکەن بەرامبەر بە %32 کە پشتگیری دیموکراتیەکان دەکەن، کەچی %40 بۆچونی سەربەخۆییەکانیان هەیە.