گەمارۆکانی ئەمەریکا رێژەی هەژاری لە ئێران زیاتر دەكات

بەھای دراوەكەشی رووی لە دابەزینە

K24 - ھەولێر

لەگەڵ بەردەوامبوونی قەیرانە ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و ھەروەھا زیادبوونی سزاكانی ئەمەریكا، رێژەی ھەژاری لە ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو زیادكردووە.

بەگوێرەی رێكخراوی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی لە شارەوانی تاران، ئەمساڵ ژمارەی بێلانەكان لە پەناگەكانی تاران بۆ 700 ھەزار كەس بەرزبووەتەوە ، بەراورد بە ساڵی رابردوو كە 490 ھەزار كەس بووە.

ھاوكات بەھۆی ئەو دابەزینە پێوانەییەی كە لە بەھای تومەنی ئێراندا تۆماركراوە، ھەروەھا كێشە ئابوورییەكانی وڵاتەكە، ھێڵی ھەژاری لە خێزانێك كە لە 4 كەس پێكھاتوون بۆ 314 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەو بڕەشیان دەستانكەوێت، لە ئەنجامیشدا زیاتر لە 60 ملیۆن ئێرانی لە ھەژاریدا ژیان دەگوزەرێنن.

ئەوەش لە كاتێكدایە، دووشەممەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای نوێی لەسەر كەرتی نەوتی ئێران سەپاند، كە ئەوەش دۆخەكەی لەسەر دانیشتووانی ئەو وڵاتە سەختتركرد.