ئێران ئامادەیی بۆ وەبەرهێنان لە عێراق نیشان دەدات

ئێران دەیەوێت چەند پڕۆژەیەك لە عێراق ئەنجامبدات

K24 - ھەولێر

ئێران رایدەگەیەنێت، ھەموو ئامادەكارییەكانیان تێدایە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە پڕۆژەی نوێ و جۆراوجۆر لە عێراق بكەن.

بەگوێرەی ئاژانسی ئیرنای ئێرانی، عەباس عەلی ئابادی سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمەڵەی مەبنا ی تایبەت بە پیشەسازی و ئەندازیاری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەكەی ھەموو ئامادەكارییەكی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی وەبەرھێنان لە پڕۆژەی نوێ و جیاجیا لە عێراقدا ئەنجامبدەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، یەكەم پڕۆژە لە عێراق ئەنجامیانداوە، وێستگەی سەدر بووە بۆ دابینكردنی كارەبا، دووەم وێستگەش حەیدەرییەیە و سێیەمیان وێستگەی رومێلەیە كە یەكێكە لە گەورەترین پڕۆژەكانی وێستگەی دابینكردنی كارەبا لە ناوچەكە و زیاتر لە 3 ھەزار مێگاوات كارەبا بۆ باشووری عێراق دابین دەكات.

جەختیشیكردەوە، كۆمەڵە پیشەسازییەكە ئامادەیە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بواری رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بكات، بۆ بەرھەمھێنانی كەرەستەی خۆپاراستن تایبەت بەو ڤایرۆسە.