پرسەنامەیه‌یه‌ك له‌ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌

"د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم كەسایەتیەكی ناسراو خاوەن هەڵوێست و وەفادار بوو بۆ كێشەی كورد و خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەی"

K24- هه‌ولێر:

له‌ پرسه‌نامه‌یه‌كدا بۆ كۆچی دوایی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم، سیاسه‌تمه‌داری كورد، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌، كه‌سوكار و خه‌ڵكی شاری كه‌ركووك و ته‌واوی كوردستانیان كرد و هاوخه‌می خۆی بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌ربڕی.

ده‌قی پرسه‌نامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بنه‌ماڵه‌ی د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم:

بۆ كۆچی دوایی سیاسەتمەداری گەلەکەمان (د.نەجمەدین كەریم)

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵی كۆچی دوایی سیاسەتمەدار و تێكۆشەری گەلەکەمان (د.نەجمەدین كەریم)مان بیست، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە نیشتمان پەروەرەکەی و كەسوكار و دۆست و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو و خەڵکی دڵسۆزی شاری کەرکووك و سەرجەم کوردستانیان دەكەین و، خۆمان بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانین.

(د.نەجمەدین كەریم) ساڵی(1949) لە شاری كەركووكی دڵی کوردستان لەدایك بووە و، هەر لەو شارە دەستی بە خوێندن کردووە، ساڵی(1972) بڕوانامەی كۆلێژی پزیشكی موسڵی بەدەستھێناوە و لەھەمان ساڵدا بۆتە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و پەیوەندی بە ریزەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلولەوە کردوە، پاشان دەچێـتە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمه‌ریكاو لەوێ خوێندنی باڵا لەبواری پزیشكی تەواو دەكات و لە ساڵی(1988) كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی لە باكووری ئەمه‌ریكای دامەزراندووە، ھەروەھا رۆڵێ‌ هەبووە لە دامەزراندنی بەشی كوردی ئێزگەی ئەمه‌ریكا و، ساڵی (1996) پەیمانگەی كوردی لە ئەمه‌ریكا دامەزراندووە، دواجاریش لە ساڵی (2011) دەبێتە پارێزگاری کەركووك.

خوالێخۆشبوو، كەسایەتیەكی ناسراو و رۆشنبیر و، خاوەن هەڵوێست و وەفادار بوو بۆ كێشەی كورد و خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەی، لەو پێناوەشەدا وەکو سیاسەتمەدار و دبلۆماتکارێکی سەنگین و وەکو دکتۆرێکی شارەزاش، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە لە خزمەت و تێكۆشان بەردەوام بووە، بۆیە لەدەستدانی زیانێكی گەورەیە و بۆ ھەمیشە لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە.  

وێڕای دووبارە پرسە و سەرەخۆشیمان، هیواخوازین هاوخەمیی رۆشنبیران و ئازادیخۆز و دڵسۆزانی کوردستان ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێكۆشەرەکەی و خودای گەورە بە بەھەشتی بەرینی شادبکات.

انا للە وانا الیە راجعون

مەكتەبی سیاسی

 پارتی دیموكراتی كوردستان

31ـی10ـی2020

H.B