بڕیارێكی نوێ لەبارەی پڕۆسەی خوێندن لە ھەرێمی كوردستان دەدرێت

لیژنەی باڵای رووبەڕوو بوونەوەی كۆرۆنا دۆخەكە تاوتوێ دەكات

K24 ھەولێر

وەزیری پەروەردە ئاشكرای كرد، سبەی یەكشەممە 1/11/2020، لیژنەی باڵای رووبەڕوو بوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەدرێت.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سبەی لیژنەی باڵای رووبەڕوو بوونەوەی كۆرۆنا بۆ تاوتوێكردنی پرۆسەی خوێندن كۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویست دەدرێت".

سەبارەت بە ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا لە ناوەندەكانی خوێندن، گوتی: "داتاكانمان داوەتە وەزارەتی تەندروستی و سبەی وەزارەتی تەندروستی رای خۆیان لەسەر دۆخی قوتابخانەكان پێشكەش دەكەن".

وەزیری پەروەردە، جەختیكردەوە: "ئێمە سەلامەتی قوتابی و مامۆستایانمان لا گرنگە، سەرەتا ویستمان تەنھا قۆناغی 12ی ئامادەیی ببرێنەوە ناو پۆلەكان، بەڵام كە زانیمان خوێندنی ئەلیكترۆنی بۆ پۆلی یەكەم و دووەمی بنەڕەتی ناگونجێ بڕیاردرا ئەوانیش بچنەوە ناو پۆلەكان. پێشتریش گوتومانە چەند ھەفتەیەك وەك تاقیكردنەوە دادەنێت، ھەركاتێك زانیمان مەترسی دروست دەبێت بڕیاری پێویست دەدەین".  

راشیگەیاند: "لەبەر ئەوەی بابەتی كۆرۆنا گرفتێكی تەندروستی ئێمە ناتوانین بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی دەوام بدەین، بەڵكو دەبێ وەزارەتی تەندروستی بڕیار بدات، ئەوكات ھەر بڕیارێك بدرێت ئێمە جێبەجێی دەكەین".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری كوردستان24، كە ئایا تاقیكردنەوەكان لە ناوەندەكانی خوێندن دەكرێن یان بڕیاری دیكەی لەبارەوە دەدرێت؟، ئالان حەمەسەعید، گوتی: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەمان لەگەڵ بریكار و راوێژكاران و بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاكان ھەیە، كە ئامادەكارییە بۆ كۆبوونەوەكەی سبەی، ئەوەشیان سبەی بڕیاری لێدەدرێت، ئەگەر پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت تاقیكردنەوەكانیش لەناو ھۆڵی خوێندن دەكرێن".