لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دۆخی ناوەندەكانی خوێندن تاوتوێ دەكات

وەزارەتی پەروەردە ئاماری تووشبوونی مامۆستا و قوتابیانی داوەتە وەزارەتی تەندروستی
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت و تاوتوێی ھەڵکشانی ئامارەکان دەکرێت لە ناو قوتابیان و مامۆستایاندا، دوای ھەڵسەنگاندن وەزارەتی تەندروستی رای خۆی لەبارەی دۆخەكە دەدات، بۆ ئەوەی خوێندنی چەند قۆناغێك لەناو پۆلەكان بەردەوام بێت یان رابگیرێت.

ھەڵکشانی ئامارەکانی توشبوون بە کۆرۆنا لە ناو قوتابیان و مامۆستایان وايكرد لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەى کۆرۆنا ئەمڕۆ كۆببێتەوە و بڕیار لە بارەی چارەنووسی خوێندی ئەمساڵ بدات.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "بۆچوون ھەیە كە دەوامی چەند قۆناغێكی دیكە بكرێتەوە، بەڵام من بەڕاشكاوی گوتومە كردنەوەی پۆلی دیكە باش نییە دەبێ چاوەڕێ بكەین، كە دەوامی پۆلی 12ی ئامادەیی و یەك و دووی بنەڕەتیمان كردەوە گوتم دەبێ چاوەڕێ بكەین بزانین دۆخەكە چی بەسەردێت ئینجا بڕیاری دیكە بدەین".

بەلای یەکێتی مامۆستایانى كوردستانەوه ھێشتا رەوشەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و دەتوانرێت رێنماییە تەندروستییەکان بە توندو تۆڵی جێبەجێ بکرێتن. سکرتێری یەکێتیەکەش دەڵێت ھەر بڕیارێک بدرێت گرنگ ئەوەیە خوێندی ئەمساڵ نافەوتێ و گیانی مامۆستایانیش لە ھەموو شتێک گرنگترە.

ئەحمەد گەرمیانی، سکرتێری یەکێتی مامۆستایان لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "ئەگەر سەیری بارودۆخەكە بكەین، دەبینین كۆرۆنا بە تەواوی بڵاوبووەتەوەو دەوام ئاساییە، بەڵام بەو مانایە نییە كە ئێمە دەستەوەستان دانیشین، بەڵكو دەبێ بەردەوام چاودێری دۆخەكە بكەین و ئاگاداربین".

وەزارەتی پەروەردە لە راپۆرتێكدا ئاماری تووشبووانی مامۆستا و قوتابیانی رادەستی وەزارەتی تەندروستی كردووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا بڕیاری پێویست لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەدرێت.

ھ.م