کوردێک بۆ جاری دووەم بە ئەندامی پەرلەمانی جۆرجیا هەڵبژێردرا

ئیسکۆ داسنی لە جۆرجیا لە خێزانی کوردی ئێزدی لەدایکبووە

K24 - مۆسکۆ

سیاسەتمەدارێکی کوردی ئێزدی، توانی دەنگی پێویست لە جۆرجیا بەدەستبهێنێت و بۆ جاری دووەم ببێتەوە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە.

رۆژی شەممە (31-10-2020) هەڵبژاردنی پەرلەمانی جۆرجیا بەڕێوەچوو و، نوێنەرانی گەل بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژێردران.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی جۆرجیا رایگەیاندووە، جارێکی دیکە پارتی فەرمانڕەوا "پارتی هیوا" زۆرینەی دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێناوە و بەم پێیەش زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی دەستەبەر کردوون، بۆیە زۆربەی ئەگەرەکان بۆ ئەوەن، ئەوان کابینەی نوێی حکومەتی وڵاتەکە پێکبهێنن.

ئیسکۆ داسنی، سیاسەتمەدارێکی کوردە لە وڵاتی جۆرجیا و بۆ جاری یەکەم لە 8ـی ئۆکتۆبەری 2016 لەسەر لیستی پارتی هیوا، توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێ و بۆ یەکەمجار بچێتە پەرلەمان.

 

ئیسکۆ داسنی لە 30-3-1958 لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیا لە خانەوادەیەکی کوردی ئێزیدی لەدایک بووە، لە ساڵی 1985 کۆلیژی یاسای لە زانکۆی تبلیسی میری تەواو کردووە، لە 11-3-1993 تاوەکو 2011 لە داواکاری گشتیی جۆرجیا کاری کردووە، پاشان لە ساڵی 2014 بووەتە کونسوڵی فەخری کۆماری ماڵدۆڤ لە جۆرجیا.

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە سەرەتا لە 8-10-2016 لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا لەسەر لیستی پارتی هیوای فەرمانرەوا بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردندا کرد و بووە ئەندامی پەرلەمان، پاشان بووەتە جێگری سەرۆکی کۆمیتەی یاسایی پەرلەمانی جۆرجیا.

هـ.ر.