ئەرمینیا ڤیدیۆی دانپێدانانی چەكدارێكی سووریی دیل لە قەرەباخ بڵاودەكاتەوە

ئەرمینیا و ئازەربایجان یەكتر تۆمەتباردەكەن بە بەكارھێنانی چەكدارانی بیانی لە شەڕی قەرەباخ

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی  بەرگری ئەرمینیا، ئەمڕۆ یەكشەممە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا لێپرسینەوە لەگەڵ چەكدارێكی سووریی بەدیلگیراو لە قەرەباخ دەكات، پاش ئەوەی بەشدارییكردووە لە تەك ئازەربایجان لە شەڕدا.

پیاوە دیلەكەی لە ڤیدیۆیەكەدا دەردەكەوێت، ناوی "یوسف عابد حجی"ە وخەڵكی گوندی زیادیەیە لە گوندەكانی جسر شغور لە پارێزگای ئیدلب لە باكووری رۆژئاوای سووریا. لە دایكبووی ساڵی 1988 و خێزاندارە و 5 مناڵی ھەیە.

لە ڤیدیوكەدا پیاوە دیلە رایدەگەیەنێت، ئەو ھاتووەتە قەرەباخ بۆ شەڕكردن دژ بە كافران و بڕیار بوو مووچەیەكی دوو ھەزار دۆلار وەرگرێت و 100 دۆلاریش وەك پاداشت وەرگرێت لەبڕی سەربڕینی ھەر "كافرێك".

پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا، دانپێدانێكی تۆماركراوی كەسێكی دیكەی بڵاوكردەوە و گوتی: چەكدارێكی سوورییە و بۆ بەشداریكردن لە شەڕدا لە تەك ئازەربایجان ھێنراوەتە قەرەباخ.

پێشتر ھەردوو لا یەنی ئەرمەنی و ئازەربایجانی لە قەرەباخ یەكتریان تۆمەتباركرد بە بەكارھێنانی چەكدارانی بیانی لە میانی ئەم خولەی ئێستای شەڕدا لە ناوچەی قەرەباخ.

سەرچاوە: "رووسیا الیوم"