سێ پڕۆژه‌ی رێگاوبان له‌ ده‌ڤه‌ری برادۆست جێبەجێدەکرێن

پڕۆژەکان رێگای 57 گوندی دەڤەری برادۆست بەیەکەوە دەبەستنەوە
kurdistan24.net

K24 – سۆران:

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سێ پڕۆژه‌ی ڕێگاوبانی سه‌ره‌كی له‌ ده‌ڤه‌ری برادۆست خستووەته‌ بواری جێبه‌جیكردن و به ‌ته‌واوبوونیشیان خزمه‌تێكی زۆر به‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ ده‌گه‌یێنێت و كه‌رتی ڕێگاوبانیش له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌باته‌ قۆناخێكی زۆر باشتر.

پڕۆژەکان رێگای دانیشتوانی 57 گوند بەیەکەوە دەبەستنەوە‌ و ساڵانەش ژماره‌یه‌كی زۆر لە جوتیار و ره‌وه‌ندی وه‌رزی سوودی لێوه‌ر ده‌گرن.

ڕێگای ده‌شته‌هێرته‌ له ‌ده‌ڤه‌ری برادۆست له‌ژێر قیرتاوكردندایه‌. ده‌ستوبرد ده‌كه‌ن، چونكه‌ كه‌ش و هه‌وا لەسەر گۆڕانە و له‌ 24  كاتژمێری داهاتوودا ئه‌گه‌ری بارانبارین هه‌یه‌. ڕێگای دانیشتوانی (57)  گونده‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری جوتیار و ره‌وه‌ندی وه‌رزیش كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن.

جگه‌ لەو رێگایە‌، دوو ڕێگای دیكه‌ی سه‌ره‌كی ناوچه‌كه‌ش له‌بواری چاكردندان و دواتریش ده‌ست به‌ قیرتاوكردنیان دەكرێت، به‌مه‌ش بواری ڕێگاوبان له‌وده‌ڤه‌ره‌ پێ ده‌نێته‌ قۆناغێكی باشتر.

ده‌ڤه‌ری برادۆست ناوچه‌یه‌كی فراوانه‌، وه‌ك رووبه‌ر گه‌وره‌ترین شاره‌دێیه‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، دەكەوێتە ‌سێگۆشه‌ی سنوریی عێراق، ئێران و توركیایه‌، ناوه‌ندی كارگێڕی شاره‌دێی سیده‌كانه‌ و بە دووری 150كم ده‌كه‌وێته‌ باكوری ڕۆژهەڵاتی هه‌ولێری پایته‌خت، له‌ 264  گوند پێكدێت و ناوچه‌یه‌كی به‌پیته‌ له‌ڕووی كشتوكاڵی و له‌وه‌رگه‌ی ئاژه‌ڵی. له‌ساڵانی رابردوو كه‌متر پڕۆژه‌ی ڕیگاوبانی بۆ ئه‌نجامدراوه‌ بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ههڵمه‌‌تێكی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری له‌بواری ڕێگاوباندا له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌ستپێكردووه.