هەولێر.. هاوکاری خێزانە کەمدەرامەتەکان بەردەوامە

چاودێری کۆمەڵایەتی هەولێر140: هەزار خێزانی کەمدەرامەت تۆمارکراون

K24 – ھەولێر:

حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ سێیەم جارە ھاوكاری بەسەر خێزانە كەمدەرامەتەكان دابەشدەكات و بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ھەولێریش تا ئێستا 140  ھەزار خێزان ناویان تۆماركراوە و نزیكەی 200 ھەزار خێزانیش لە هاوکارییەکان سوودمەندبوونە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوای بڵاوبوونەوه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریدا، خۆراک و پێداویستی خواردن بۆ ھەموو خێزانێکی كەمدەرامەت لە کوردستان دابین بکات و ھەڵمەتەکەش تا ئێستا بەردەوامە.

بەڕێوبەری چاودێری و گەشەپێدانی ھەولێر، یوسف چاوشین گوتی: بۆ سێیەم جارە ھاوکاری خۆراکی بۆ خێزانی کەم دەرامەتەكان دابین دەکرێت و تا ئێستاش لە سنووری ھەولێر نزیکەی 200 ھەزار خێزان سوودمەندبوونە. 

بەشێک لە خاوەن کاران و بازرگانان بەشدارن لەم ھەڵمەتەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لە دابینکردنی پێداویستییەکانی گواستنەوەی خۆراک بۆ شار و شارۆچکەکان.

عیسمەت عەبدوڵڵا، بازرگانێکی ھەرێمی کوردستانە گوتی: ئەرکی ھەموومانە لەم قۆناغە پشتگیری حکومەت بکەین بۆ ئەوەی بارودۆخەکە تێپەڕێنین.

تا ئێستا بە سێ ھەڵمەت حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆراک و پێداویستی ڕۆژانەی گەیاندووەتە دەستی 312 ھەزار خێزان و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیكدا بڕی 100 ھەزار دینار بدرێت بە ھەرخێزانێکی ھەژار کە ناوی تۆمارکراوە تا ئێستاش 140 ھەزار خێزان ناویان تۆمارکردووە.