ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان راگەیەندرا

قوتابیان دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامەكان وەرگرنەوە

K24 – ھەولێر

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی راگەیاند و قوتابیان دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامەكان وەرگرنەوە.

لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا د. خەتاب شێخانی، سەرۆكی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، لە دەرچووانی ئەمساڵ 47 ھەزار و 178 لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیراون، كە دەكاتە رێژەی 87%، ھەروەھا 7 ھەزار و 118 وەرنەگیراون كە دەكاتە 13%".

گوتیشی: "ئێستا 8 ھەزار و 119 كورسی بەتاڵ ماون، ئەم كورسیانە دەدرێن بەو قوتابیانەی وەرنەگیراون كە ژمارەیان 7 ھەزار و 118 قوتابییە. كە ھێشتا ژمارەی كورسی بەتاڵ وەرنەگیراوە زیاترە، واتا ئەگەر قوتابیانی دیكەش سكاڵا بنووسن و وەر بگیرێن، رێژەی وەرگرتن لە ئەمساڵدا دەكاتە 100%".

ئاماژەی بەوەشكرد: "كاتژمێر 4ی ئێوارەی ئەمڕۆ ماڵپەڕی زانكۆلاین بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەكان ئەكتیڤ دەبێت، قوتابیان دەتوانن بە یوزەرنەیم و پاسۆردی خۆیان بچنەوە سەری ئەنجامەكان وەربگرنەوە، ھەروەھا قوتابیان دەتوانن بە ئۆنلاین سكاڵاكانیان پێشكەش بكەن، بۆ ئەوانەشی كە وەرنەگیراون لە رۆژی سێشەممەی داھاتووەوە دەتوانن سكاڵا پێشكەش بكەن".

سەرۆكی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو قوتابیانەی ئەمڕۆ ئەنجامەكانیان وەرگرتەوە لە سبەیەوە دەتوانن سەردانی زانكۆ بكەن، پرۆسەی خۆتۆماركردن تاكو 15/11/2020 بەردەوام دەبێت، داواكارین رێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی لەبەرچاو بگیرێت".

راشیگەیاند: "ھەر قوتابییەك سكاڵای ھەیە پێویست ناكات لەم دۆخەدا سەردانی وەزارەت بكەن، چونكە لە ھەموو زانكۆكان مەڵبەندی راوێژكاریمان ھەیە".