زانیاریی ورد لەبارەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان

پڕۆژەکە بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت

K24 - هەولێر

بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار، بەردی بناغەی پڕۆژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر دادەنرێت، پڕۆژەکە 40 سایلۆ و دوو کارگەی ئاردە و لە هەر کاتژمێرێکدا دەتوانێت 400 تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرێت.

پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-11-2020) لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، بەردی بناغەی دادەنرێت.

بەگشتی هەر سایلۆیەک لە 40 سایلۆکەی پڕۆژەکە، جێگەی پێنج هەزار تۆن گەنمی تێدا دەبێتەوە، قۆناغی یەکەمی لە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو گەنم وەردەگرێت و، قۆناغی دووەمیش بڕیارە لە زستانی ساڵی 2021 تەواو ببێت.

لە پڕۆژەکەدا هەروەها دوو کارگەی ئارد دروست دەکرێن، کە هەریەکەیان رۆژانە 500 تۆن ئارد بەرهەمدێنن هەروەها رۆژانە 120 تۆن ساوار و بڕووێش لەگەڵ 240 تۆن عەلەف بەرهەمدێن بە هەردوو جۆرەکانییەوە.

لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت. بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بواری کشتوکاڵدا بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.

لە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەویی کشتووکاڵی بە گەنم چێنراوە. ئەو پرۆژەیە تەنیا لە هەولێر نییە، بەڵکو لە چوارچێوەیدا، چەندین سایلۆ و کارگەی تایبەت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، بەم هۆیەوەش هەزاران هەلی کار بۆ دەرچووانی کۆلێژی کشتوکاڵ دەڕەخسێت.