بێگەرد تاڵەبانی: پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دوو ئامانجی سەرەكی بەدیدەھێنێت

بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دانرا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

وەزیری كشوكاڵی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دوو ئامانجی سەرەكی بەدیدەھێنرێت، یەكەمیان چارەسەری كێشەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دەكات، دووەم بە پیشەسازیی كردنی بەرھەم.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیر كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە میانی رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران رایگەیاند: "ھەرچەندە دۆخەكە گونجاو نییە، بەڵام لە بەرھەمھێنان قۆناغی باشمان بڕیوە و لە ھەوڵداین بەرھەمە خۆماڵییەكان بكەینە ھەرچوار وەرزی ساڵ، پێویستە دڵنیایی بدەینە جووتیاران و ھەموومان ھەوڵ بۆ بەرەوپێشەوەبردنی كەرتی كشتوكاڵ بدەین".

گوتیشی: "لەسەرەتایی دەستبەكاربوونمان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كارمان لەسەر پڕۆژە و بەرھەمە سەرەكیی و ستراتیژییەكان كردووە، یەكێكیش لەوانە بەرھەمی گەنمە، بۆیەشە ئەو پڕۆژەیەمان دەستپێكرد".

راشیگەیاند: "چەند ساڵێكە بەغدا پرسی وەرگرتنی گەنمی بە سیاسی كردووە، لە ئەمساڵدا بە ھەوڵی وەزارەتمان توانیمان تەنھا 40 تۆن گەنمی جووتیاران بۆ وەرگرتن زیاد بكەین، توانراوە بە گشتی لە ئەمساڵدا نزیكەی 2 ملیۆن تۆن گەنمی جووتیاران وەربگیرێتەوە".

وەزیری كشتوكاڵ جەختیكردەوە: "تائێستا 50%ی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 لەلایەن حكومەتی عێراق خەرج نەكراوە، بۆیە دەمانەوێت لە رێگەی ئەم پڕۆژەیە چارەسەری گرفتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بكەین. دەمەوێت زۆر سوپاسی سەرۆك وەزیران بكەم كە پڕۆژەكەی بە گرنگ زانی و بە ھەوڵ و دڵسۆزی جەنابیان و جێگری سەرۆك وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان میكانیزمی پڕۆژەكە وا دانرا بدرێتە كەرتی تایبەت لەژێر چەتری یاسای وەبەرھێنانی ژمارە 4ی ساڵی 2006 و لەژێر چاودێری وەزارەتی كشوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كە ھەرێمی كوردستان دابەشی سەر سێ زۆن كرا، یەكەمیان لە ھەولێر ساڵانە بڕی 200 ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت، ھەروەھا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین بڕی 150 ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت. لە سنووری پارێزگای دھۆكیش ساڵانە 150 ھەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت".

روونیكردەوە: "لە پڕۆژەكەدا ھاتووە كۆمپانیاكان پابەند كراون بەرھەمی ساڵانەی گەنم بكرێت بە ئارد و ساوار و بڕوێش و گەنمەگوتاو و مەعكەرۆن، بەمەش دوو ئامانجی سەرەكی بەدیدەھێنرێت، یەكەمیان چارەسەری كێشەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دەكات، دووەم بە پیشەسازیكردنی ئەم بەرھەمە دەبێت، بۆ ئەوەی خۆراكی ھەرێمی كوردستان لە بەرھەمی خۆماڵی دەستەبەر بكرێت، كە گەنم بە كلیلی ئاسایشی خۆراكی ئەم ھەرێمە دادەنرێت".

بێگەرد تاڵەبانی، گوتی: "ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان و ساڵانە 500 ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت و بڕی پارەی پێویست راستەوخۆ دەدرێت بە جووتیاران".

ئاشكراشی كرد: "ئەمە یەكەم پڕۆژەی حكومەت نییە بۆ بەرھەمی جووتیاران، بەڵكو بەپیشەسازیكردنی ئامانجی سەرەكی ئێمە، بە ھەمان شێوە بەروبوومەكانی دیكە دەخرێنە ناو پیشەسازی وەك گەنمەشامی و جۆ بۆ ئالیك و گوڵەبەڕۆژە بۆ چەراسات، زەیت و پەتاتە بۆ چپس و فینگەر، ھەروەھا میوەكان بۆ سركە و شەربەت، سەوزەكانیش بۆ لە قوتونان، بەرنامەكانمان بەو ئاراستەیە بەرھەمەكان لە كێڵگەوە بۆ سەر خوانی ماڵەكانمان، بەو سۆنگەیەوە ئابووری ھەرێمی كوردستان فرەچەشن بكەین، ئەو تێڕوانینە ئاوەژوو بكەینەوە كە دەگوترێت ھەرێمی كوردستان تەنھا پشت بە نەوت دەبەستێت".