تۆمەتبارێك لە ھەولێر تەقە لە ھێزەكانی پۆلیس دەكات و پۆلیسێك كوژرا

چوار پۆلیسی دیكە بریندارن

K24 – ھەولێر

شەوی رابردوو لە گەڕەكی عەدالەی شاری ھەولێر، تۆمەتبارێك رووبەڕووی ھێزەكانی پۆلیس دەبێتەوە و تەقە دەكات، لە ئەنجامدا پۆلیسێك كوژرا و چواری دیكەش برینداربوون.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی ھەولێر، بە كوردستان24ی راگەیاند: "كاتێك ھێزەكانی پۆلیس بە مەبەستی دەستگیركردنی دەچنە ماڵی ئەو تۆمەتبارە، تەقەی لە ھێزەكانی پۆلیس كردووە و پۆلیسێك گیانی لەدەستداوە و چواری دیكەش بریندارن".

ئاماژەی بەوەشكرد: "یەكێك لە بریندارەكان ئەفسەرە بە پلەی عەقید بەناوی عەقید عزەدین، ئەو پۆلیسەی كە لە رووداوەكەشدا كوژراوە ناوی پەیوەندە و كوڕی عەقید عزەدینە".

سەرچاوەكە راشیگەیاند: "ئەو تۆمەتبارە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووبوو، ھێزەكانی پۆلیس بە مەبەستی دەستگیركردنی چوونەتە ماڵیان، بەڵام ئامادەنەبووە خۆی رادەستی پۆلیس بكات و تەقەی كردووە".

دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، گوتی: "ئەو تۆمەتبارە ساڵانی رابردوو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، شەوی رابردوو لەو كاتەی ھێزەكانی پۆلیس دەیانەوێت دەستگیری بكەن، لەسەرەتادا تۆمەتبار دەمانچەی لەسەر سەری خۆی راگرتووە و گوتویەتی خۆم دەكوژم، ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس لە ھەوڵدابوونە بۆ ئەوەی كۆتایی بە ژیانی خۆی نەھێنێ، دواتر دەرفەتی وەرگرتووە و تەقەی كردووە، بەداخەوە ھەر یەك لە عەقید عزەدین، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار بەشی رۆژئاوای ھەولێر، موقەدەم كەیوان ئەفسەری بنكەی پۆلیسی بەختیاری و چەند پۆلیسێك برینداربوون و پەیوەند عزەدین كارمەندی پۆلیس و كوڕی عەقید عزەدین شەھیدبوو".

گوتیشی: "ھێزەكانی پۆلیس بە ھاوكاری ھێزە ئەمنییەكانی دیكەی ھەولێر لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە".

عەقید عزەدین و پەیوەند-ی كوڕی كە لە رووداوەكەی شەوی رابردوو كوژرا
عەقید عزەدین و پەیوەند-ی كوڕی كە لە رووداوەكەی شەوی رابردوو كوژرا