هەنگاونانی هەرێمی کوردستان بەرەو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و خۆبژێویی تەواو لە بەرهەمەکانی گەنم

K24 - هەولێر

گەنم، بە کلیلی ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بۆیە هەرێمی کوردستان لە رێگەی پرۆژەیەکی ستراتیژییەوە، لەمڕۆوە هەنگاو دەنێت بەرەو خۆبژێویی تەواو لە بەرهەمەکانی گەنم، ئەمەش بە جێبەجێکردنی پرۆژەیەک بە 250 ملیۆن دۆلار.

پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بە گوژمەی 250 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێت و ئەمڕۆ بەردی بناغەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت دانرا.

بڕیارە پڕۆژەکە بە دوو قۆناغ، قۆناغی یەکەمی لە مانگی شەشی ساڵی داهاتوو و قۆناغی دووەمیشی لە زستانی 2021 تەواو ببێت، کە بەهۆیەوە هەوڵدەدرێت خەڵکی کوردستان لە بەکارهێنەرەوە ببنە بەرهەمهێنەر.

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکە گوتارێکی پێشکەش کرد، لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، کابینەی نۆیەم دەیەوێت "خه‌ڵكی كوردستان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی چاوی له‌ مووچه‌ بێت و چاوی له‌وه‌ بێت به‌خێوبكرێت، خۆی ببێت به‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر و ته‌نیا به‌كارهێنه‌ر نه‌بێت".

سەرۆکی حکومەت هەروەها رایگەیاند "ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ وا ده‌كه‌ن (جووتیاران) نه‌ك ته‌نیا یارمه‌تی خۆیان بده‌ن، به‌ڵكو یارمه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان بده‌ن. كوردستان ئه‌وه‌نده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌، كه‌ نه‌ك ته‌نیا ده‌توانێت ئاسایشی خۆراكی خۆی دابین بكات، به‌ڵكو ببێته‌ سه‌به‌ته‌ی خۆراك بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌ش".

پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەکراوە و لەلایەن کۆمپانیای خۆشناو جێبەجێ دەکرێت‌. دوو ئامانجی سەرەکی لەپشت جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە هەن.

بەگشتی هەر سایلۆیەک لە 40 سایلۆکەی پڕۆژەکە، جێگەی پێنج هەزار تۆن گەنمی تێدا دەبێتەوە، دوو کارگەکانی ئاردیش کە لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا دروستدەکرێن، هەریەکەیان رۆژانە 500 تۆن ئارد بەرهەمدێنێت، ئەمەش جگە لە چەندین تۆن ساوار، بڕوێش و بەرهەمی دیکە لە گەنم دروستکراو.

یەکێک لە کێشەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ساغکردنەوەی کۆی بەرهەمی گەنمیان بوو، بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەش، بە گوتەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو "چارەسەری كێشەی بە بازاڕكردنی گەنمی جووتیاران دەكرێت".

چەند ساڵێكە بەغدا پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە سیاسی كردووە و، تائێستاش 50%ـی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵەكانی 2014 و 2015 و 2016 لەلایەن حكومەتی عێراق خەرج نەكراوە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت، لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە چارەسەری گرفتی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بكات.

یەکێکی دیکە لەو کێشانەی پڕۆژەکە چارەسەری دەکات، پەیوەستە بە پیشەسازیكردنی بەرهەمی گەنم، چونکە کۆمپانیاکان لە پرۆژەکەدا پابەندکراون بەوەی بەرهەمی گەنم بکەنە: ئارد، ساوار، بڕوێش، گەنمەگوتاو و مەعكەرۆنە و بەرهەمی دیکەی لەگەنم دروستکراو بەپێی خواستی بازاڕ.

بێگەرد تاڵەبانی هەروەها گوتی "ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكان و ساڵانە 500 ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەردەگرێت و بڕی پارەی پێویست راستەوخۆ دەدرێت بە جووتیاران".

پڕۆژەکە هەروەها هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت. وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، مەرجی ئەوەیە دەرچووانی کۆلێژی کوشتوکاڵ لەو پرۆژەیەدا کاربکەن.

هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی پرۆژەکە لە رووی بەرهەمەکانی گەنمەوە دەگاتە ئاستی خۆبژێویی تەواو و هاردەکردنی هەموو ئەو بەرهەمانە لە دەرەوەی وڵات قەدەغە دەکرێت.

بەپێی ناوەڕۆکی گرێبەستی کۆمپانیاکان، چەند جۆرە بنەتۆوێک دەدرێنە جووتیاران کە بۆ ئاردی سپی یان ساوار گونجاو بن، دواتر ئەو گەنمە لەلایەن هەرسێ کارگەی نێو پرۆژەکە بە نرخێک کە لە نرخی ئازادی بازاڕ زیاتر بێت لە جووتیاران، دەکڕدرێتەوە.

بەرهەمی ساڵانەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەنێوان یەک ملیۆن و 600 هەزار تۆن بۆ دوو ملیۆن تۆن گەنمە. ساڵانە زیاتر لە 44 هەزار و 500 جووتیار زەوییەکانیان بە گەنم دەچێنن.

ئەگەر لە ساڵێکدا وشکەساڵی نەبێت، بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەسەر رووبەری سێ ملیۆن و 96 هەزار دۆنم زەوی، دەگاتە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنم.

لە قۆناغی یەکەمی کڕینی بەرهەمی جووتیاراندا لە پرۆژەکە، بڕیارە 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران بکڕدرێت بەمشێوەیە:

- سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان، 150 هەزار تۆن
- پارێزگای دهۆک، 150 هەزار تۆن.
- پارێزگای هەولێر، 200 هەزار تۆن.

هەنگاونانی هەرێمی کوردستان بەرەو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و خۆبژێویی تەواو لە بەرهەمەکانی گەنم
هەنگاونانی هەرێمی کوردستان بەرەو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و خۆبژێویی تەواو لە بەرهەمەکانی گەنم
هەنگاونانی هەرێمی کوردستان بەرەو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و خۆبژێویی تەواو لە بەرهەمەکانی گەنم
هەنگاونانی هەرێمی کوردستان بەرەو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و خۆبژێویی تەواو لە بەرهەمەکانی گەنم
هەنگاونانی هەرێمی کوردستان بەرەو دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و خۆبژێویی تەواو لە بەرهەمەکانی گەنم