وەزارەتی خوێندنی باڵا یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان رەتدەکاتەوە

"زیانی گەورە بە ئاست و ناو و ناوبانگی پرۆسەی خوێندنی باڵاو بەهاو پیرۆزییەکانی بڕوانامەی زانستی دەگەیەنێت"

K24 - ھەولێر

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت "زیانی گەورە بە ئاست و ناو و ناوبانگی پرۆسەی خوێندنی باڵاو بەهاو پیرۆزییەکانی بڕوانامەی زانستی دەگەیەنێت".

وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە: "دوابەدوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی (یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان) کە لە (٢٨/١٠/٢٠٢٠) لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر درا، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەرۆکی ئەو یاسایە رەتدەکاتەوەو پشتیوانی لە هەڵوێستی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی ئەکادیمی عێراق و کوردستان دەکات".

لە راگەیەنراوەكەدا ھاتووە: "بەهۆی ئەوەی ناوەرۆکی ئەم یاسایە پێچەوانەی بەهاو بنەما زانستییە رەسەنەکانی یەکسانکردنی ئەو بڕوانامانەیە کە لە دەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن، لەم یاسایەدا کۆمەڵێک پێوەری زانستی گرنگ لە پرۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان فەرامۆش کراوە، کە زیانی گەورە بە ئاست و ناو و ناوبانگی پرۆسەی خوێندنی باڵاو بەهاو پیرۆزییەکانی بڕوانامەی زانستی دەگەیەنێت و پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، سەرباری ئەمانەش یاساکە بەبێ رەچاوکردنی راو و تێبینیەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان تێپەڕێنراوە. بۆیە بەناوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ دەکەین کە ئەم یاسایە بەم فۆرمەی ئێستا پەسەند نەکات".