لیژنەی دارایی پەرلەمان: تەقاندنەوەی بۆڕییە نەوتەکە رۆژانە 10 ملیۆن دۆلار زیانی هەیە

"تەقاندنەوەی بۆڕیەکە زیانێكی گەورەی بەئابووری هەرێم گەیاندووە"

K24 - هەولێر

لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند بەپێی زانیارییەکانی، تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سنووری تورکیا، رۆژانە 10 ملیۆن دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی تایبەت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و تاووتوێكردنی هۆكار و زیانەكانی تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (دووشەمە، 2-11-2020)، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان، بەسەرپەرشتی زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنە، ئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژكارانی لێژنەکە، كۆبوونەوە.

ھەفتەی رابردوو، بۆڕی گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن چەکدارانی پەکەکە کرایە ئامانج، بەو ھۆیەشەوە پرۆسەی ناردنی نەوت وەستا. بەلای حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەمە کارێکی تیرۆرستییە و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات.

چاودێران دەڵێن، وڵاتی تورکیا تەنھا کرێی ترانزێتی تێەربوونی نەوتی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت، کە رێژەیەکی زۆر کەمی داھاتی ئەو وڵاتەیە؛ بەڵام بۆ ھەرێمی کوردستان، داھاتی نەوت داھاتی سەرەکییە و بەھۆی ئەو کارەی پەکەکەوە تاوەکو چاککردنەوەی بۆڕیەکە، ھەرێمی کوردستان لەو داھاتە بێبەش دەبێت.

بەپێی راگەیەندراوێکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لیژنەکە، ئەندامانی لیژنەكە تیشكیان خستووەتە سەر ئەوەی تەقاندنەوەی بۆڕیەکە زیانێكی گەورەی بەئابووری هەرێم گەیاندووە و، "بەپێی زانیارییەكان ئەم رووداوە رۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار زیان بەهەرێمی كوردستان دەگەیەنێت".

تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەش تایبەت بووە بە یاسای چاکسازی و پێشنیازی ئەوە كراوە "بەمەبەستی دیاریكردنی خاڵە گرنگەكان و هەنگاوەكانی جێبەجێبوونی یاسای چاكسازی لیژنەی دارایی، بەوردی كار لەسەر راپۆرتەكە بكات، هاوکات لیژنەکە پێشنیازی ئەوەی كرد راپۆرتەكە ئاڕاستەی لیژنە تایبەتمەندییەكانی تری پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی بەپێی تایبەتمەندییەکانیان هەر لێژنەیەک راپۆرتی خۆی ئامادە بكات".

بەگشتی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆڕی نەوتی كوردستان كاردانەوەی تووندی ناوخۆیی لێكەوتووەتەوە، بەڕای ھاووڵاتییان ئەم كارەی پەكەكە دژی خەڵكی كوردستانە و راستەوخۆ دەستبردنە بۆ قوت و ژیانی خەڵك.

بەگوتەی پسپۆڕانی ئابووریش تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی كوردستان كارێكی تیرۆرستییە لە لایەن پەكەكە ئەنجامدراوە، لە ھەمان كاتدا فشارێكە بۆ سەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لەدژی ریككەوتن و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، ئەمەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

 

هـ.ر.