پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە بۆ رای گشتیی كوردستان

داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات رێز لە دەسەڵاتی شەرعی و یاسایی هەرێمی کوردستان بگرێت

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی داوا لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات رێز لە دەسەڵاتی شەرعی و یاسایی هەرێمی کوردستان بگرێت و هەموو ئەو ناوچانە چۆڵبکات، کە لەڕێگەی سەپاندنی هێزی چەکداری داگیرکراون و بوونەتە مەترسی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-11-2020) پەیامێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە".

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەیدا سەرۆک بارزانی جەخت دەکاتەوە لەوەی "نابێت ئەو هەڵوێستەمان بە هەڵە لێبکدرێتەوە بۆ ئەوەی تەحەدای دەسەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت و سەقامگیریی و ئاسایشی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانمان تێکبدرێت".

داواش دەکات "بۆ ئەوەی بارودوخی وڵاتەکەمان لەمە زیاتر تێک نەچێت و شوێنە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە و رێ لە گرژیی زیاتر و رووداوی نەخوازراو بگیرێت، پێویستە رێگە بە خۆسەپاندنی نایاسایی هیچ لایەک نەدەن و پشتیوانی لە خەبات و قوربانیی پێشمەرگە و گەلی ستەملێکراومان بکەن و لە ئاستی بەرپرسیاریێتیی ئەم قوناغەدا بن".

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەرێت و لەو هەموو قەیرانەی ڕووی لە وڵاتی ئێمە كردووە، بە پێویستی دەزانم داوا لە هەموو کوردستانییەک بکەم کە بە شێوەیەکی واقعی ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نالەبارە ببنەوەوە و، لەئاست بەرپرسیارتی مێژووییدا بن و بەرەو ئاساییکردنەوە و نەهێشتنی گرژی و ناخوشییەکان هەنگاو بنێن. ئێستا كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ڕۆڵە دڵسۆزییەكانیەتی بۆ ئەوەی وڵاتەكەیان لە ناخۆشی و پیلانەكان بپارێزن.

مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە.

بەڵام نابێت ئەم هەڵوێستەمان بە هەڵە لێکبدرێتەوە و ئیستغلال بكرێت بۆ ئەوەی تەحەدای دەستەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان بکرێت و هەوڵی سەپاندنی ئیرادەیەكی چەكدارانەی نایاسایی بە سەر خەڵکی کوردستان بدرێت. نابێ هەڵوێستی حەرامكردنی شەڕی كورد و كورد بەوە لێكبدرێتەوە كە سەقامگیری و ئاساییشی شار و شارۆچکە و دێهاتەکانمان تێک بدرێت و هاووڵاتیانمان ناچاربکرێن ماڵ و شوێنەکانیان بەجێبێڵن و ببنە قوربانی و بە ناحەق شەهید بکرێن و كەسیش دەنگ نەكات.

دوای هێرشی دڕندانەی تیروریستانی داعش، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ڕوویان كردە بەرەکانی شەڕی دژی تیروریستان و زۆر لە ناوچە سنوورییەکان چۆڵ کران. بە داخەوە لەو کاتەوە لە جیاتی ئەوەی پشتیوانی ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەن، چەکدارانی پەکەکە ئەم ناوچە سنووریانە و دواتر هەندێک ناوچەی تریشیان داگیرکرد و خۆیان وەک جێگرەوەی حکومەت سەپاند و رێگریان لە خەڵک کرد ماڵ و دێهاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و ئەگەر سەردانی ناوچەکانیشیان بكەنەوە باج و سەرانەیان لێ وەر دەگرن. بێگومان ئەم ڕەفتارانە جێگای قبووڵكردن نییە. هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانە و وڵاتپارێزانە بە کردەوە دیاردەکەوێت نەک بە قسە و وتار.

لێرەدا پێویستە بە بیریان بێتەوە کاتێک لە سەرەتای دەستکردن بە چالاکیەکانیان بوون، ئێمە هەموو جۆرە هاوکارییەکمان کردن. ئەوان بە پێچەوانەوە هەڵوێستێکی ناجوامێرانەیان نواند و دواتر لە چەندین قوناغدا شەڕیشیان بەسەردا سەپاندین و لە ئەنجامدا هەموو لایەک زەرەرمەند بوین.

باشترین هەڵوێست لەم کاتەدا ڕێز گرتنە لە دەستەڵاتی شەرعی و یاسایی هەرێم و هەروەها چۆڵكردنی هەموو ئەو ناوچانەیە کە لە ڕێگەی سەپاندنی هێزی چەکداری داگیر كراون و بونەتە جێگەی مەترسی بو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. ئێستاشی لەگەڵدا بێت سەدان گوند بەهۆی بوونی چەکدارەکانی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە و كراونەتە گوڕەپانی شەڕ و پێکدادان.

لێرەدا داوا لە هەمو لایەک دەکەم بو ئەوەی بارودوخی وڵاتەکەمان لەمە زیاتر تێک نەچێت و شوێنە وێرانکراوەکان ئاوەدان بکرێنەوە و ڕێ لە گرژیی زیاتر و ڕووداوی نەخوازراو بگیرێت پێویستە ڕێگە بە خۆسەپاندنی نایاسایی هیچ لایەک نەدەن و پشتیوانی لە خەبات و قوربانی پێشمەرگە و گەلی ستەملێکراومان بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارێتیی ئەم قوناغەدا بن.

مسعود بارزانی
2ـی تشرینی دووەمی 2020