ئێران: یۆرانیۆم ده‌پیتێنین
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (2ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020)، یاسایه‌كی نوێی ده‌ركرد، كه ده‌سته‌ی وزه‌ی ناووكی ئێران پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی یۆرانیۆم بپیتێنێت.
به گوێره‌ی یاسا نوێیه‌كه، ده‌بێت ئێران، به رێژه‌ی (%20) و ساڵانه (120) كیلۆگرام له وێستگه‌ی "فۆردۆ"ـی ناووكی یۆرانیۆم بپیتێنێت.
یاساكه به ناونیشانی "یاسای رێوشوێنه ستراتیژییه‌كان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزاكانی ئه‌مه‌ریكا" ده‌ركراوه.
ئه‌و یاسا نوێیه، ده‌سته‌ی وزه‌ی ناووكی كۆماری ئیسلامی ئێران پابه‌ند ده‌كات به:
* له دامه‌زراوه‌ی "نه‌ته‌نز"ی ناووكی هه‌زار ئامێری "سه‌نته‌رفیوژ" له جۆری " IR-2m" به‌گه‌ڕ بخرێن.
* له دامه‌زراوه‌ی "فۆردو"ی ناووكی هه‌زار ئامێری سه‌نته‌رفیوژی جۆری " IR6"به‌گه‌ڕ بخرێن.
* دامه‌زراوه‌ی ناووكی "ئاراك" بۆ ئاوی قورس بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ دۆخی پێش واژووكردنی رێككه‌وتنی ناووكی (2015).
* بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیانه، مانگانه (500) كیلۆگرام یۆرانیۆم بپیتێنرێت.
* له ده‌ره‌وه‌ی پرۆتۆكۆلی هاوپێچی رێككه‌وتنی ناووكی رێگه به ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی نه‌درێت كار بكات.