ھەزار رۆژنامەنووس لەم 10 ساڵەدا كوژراون و تاوانباران سزا نەدراون

لە 2020 ژمارەی رۆژنامەنووسان كوژراو كەمبووەتەوە بووەتە 29 رۆژنامەنووس و سێ لە ھاریكارانی دەزگاكانی راگەیاندن

K24 – ھەولێر:

پەیامنێرانی بێسنوور، كە رێكخراوێكی ناحكومییە، رایگەیاند، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 32 رۆژنامەنووس و ھاریكار لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن كوژراون و ئەم ژمارەیە بەبەراورد لەگەڵ پار كەمترە، ئەویش بەھۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، بەڵام بەپێی رێكخراوەكە ھێشتا جێگای نیگەرانییە.

بە بۆنەی رۆژی جیھانی كۆتاییھێنان بەدەربازبوون لەو سزایانەی پەیوەستن بە تاوانەكانی دژ بە رۆژنامەنووسان كراوە. رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور داوای لە ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس كرد، پۆستی "نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان پەیوەست بە سەلامەتی رۆژنامەنووسان" دابنرێت.

لە ساڵی 2019، لە جیھان 49 رۆژنامەنووس كوژراون، ئەم ژمارەیەش بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2018 كەمترە و ژمارەی رۆژنامەنووسانی كوژراو لەو ناوچانەی ململانێیان لەسەرە كەمبووەتەوە، چونكە چوونە ئەو شوێنانەش زۆر كەمبووەتەوە.

لە ساڵی 2020 ژمارەی رۆژنامەنووسان كوژراو كەمبووەتەوە بووەتە 29 رۆژنامەنووس و سێ لە ھاریكارانی دەزگاكانی راگەیاندن چونكە رۆژنامەنووسان بە ھۆی كۆرۆناوە ناچنە گۆڕەپانی شەڕەكان. رێكخراوەكە ئاماژەشیكردووە لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەم لەم بارەوە ئەنجامی كۆتایی وەك ساڵانی پێشوو بڵاودەكاتەوە.

رێكخراوەكە گوتیشی، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا ھەزار رۆژنامەنووس كوژراون و كەسانی بەرپرس لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە سزا نەدراون و لە زۆر حاڵەتیشدا لێكۆڵینەوەی راستەقینە نەكراوە و رێكارە نێودەوڵەتیەكان لەم بارەوە كاریگەر نین.

یەكێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان ھەڵمەتێكی راگەیاند بۆ سەركۆنەكردنی ئەوانەی فەرمان دەدەن بە ئەنجامدانی تاوان دژ بە رۆژنامەنووسان و ھێشتا سزا نەدراون، ھەروەھا بۆ ھاندانی حكومەتەكان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە بە ئامانجی كۆتاییھێنان بە دەربازبوون لە سزا و پاراستنی ئازادی رۆژنامەنووسی.