ئەرمینیا داوای لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەكات لە ھەبوونی "بەكرێگیراو و تیرۆریست" لە قەرەباخ
.jpg)
K24 – ھەولێر:
سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا، نیكۆل باشینیان داوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی كرد لە ھەبوونی "بەكرێگیراوان و تیرۆریستان" لە ناوچەی قەرەباخ، دوای لێدوانەكانی ھێزەكانی ئەرمینیا لەو ھەرێمە، لەمەڕ بەدیلگرتنی دوو چەكداری سووری.
باشینیان ئەمڕۆ لە راگەیاندراوێكدا لە فەیسبووك، گوتی: "ئازەربایجان پەنای بردووە بۆ یارمەتی بەكرێگیراوان" بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی لە "بواری ئەمنیدا". گوتیشی: "بەڵگەی تەواومان ھەیە لەو بارهوه".
جەختیشیكردەوە لەوەی بەشداركردنی "بەكرێگیراوان و تیرۆریستان" لەشەڕی قەرەباخ "نەك تەنھا ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئارتساخ (ناگۆرنی قەرەباخ) و ئەرمینیا، بەڵكو بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتیش و ئەم بابەتە دەبێت بكەوێتە ژێر لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتیدا".
پشتر لایەنی ئەرمەنی رایگەیاندبوو، ھێزەكانیان دوو لە چەكدارانی سوورییان لە ناوچەكانی شەڕ بە دیل گرتووە و ئاماژەی كردبووە، یەكەمیان خەڵكی "حەما"یە و دووەمیشیان خەڵكی "ئیدلب"ە.
ئازەربایجان چەندین جار ھەبوونی چەكدارانی بیانیی لە ریزەكانیدا رەتكردووەتەوە و ئەرمینیا تۆمەتباردەكات بەوەی رۆڵەی رەوندەكانی لە سەرتاسەری جیھان لەگەڵ چەكدارانی كورد بەكاردەھێنێت بۆ شەڕكردن لە قەرەباخ.