مباپێ تووشی پێکان بووە

هاندەرانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا پێش یاریی یانەکەیان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لایپزیگی ئەڵمانیا هەواڵێکی ناخۆشیان پێگەیشت، ئەویش دوورکەوتنەوەی کلیان مباپێ هێرشبەری یانەکەیان بە هۆی پێکانەوە.

ماڵپەری فەرمی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا بڵاویکردووەتەوە، گۆڵکارەکەیان بە هۆی ئەو پێکانەی لە ماسولکەکانی رانی راستیدا لە یاریی یانەکەی بەرامبەر نانت تووشی بووە، بۆ یاریی یانەکەیان بەرامبەر لایپزیگی ئەڵمانیا لە گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگ کە بریارە شەوی داهاتوو بکرێت بانگهێشت نەکراوە، سەرچاوەکە بڵاویشی کردووە پێکانەکەی ئەو یاریزانە قورس نیە، بەڵام راهێنەرەکەیان لە پێناو ئەوەی پێکانەکەی تەشەنە نەکات بانگهێشتی یارییەکەی نەکردووە.

بەم شێوەیە پاریسیەکانی بۆ یاریی داهاتوویان لە چامپیۆنزلیگ، بێجگە لە مباپێ، هەر یەکە لە نێیمار داسیلڤا و هەروەها مائورۆ ئیکاردی کە ئەوانیش بە هەمان شێوەی پێکانیان هەیە بەردەست نابن.