سەرمایەدارە بەتەمەنە جووەکە دەبێتە هۆی بردنەوەی ترەمپ؟

"شێڵدن، ناوێكی ون له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا، به‌ڵام خاوەنی ده‌سه‌ڵاتێكی باڵا"

 K24 - هەولێر

سەرمایەكەی هێندەی سەرمایەی بەشێكی دانیشتووانی سەر زەوییە و، كاریگەرترین كەسایەتیی سیاسی و ئابووریی ئیسرائیلە. شێڵدن ئادڵسن لە دوو پایتەختی گەورەی وەكو واشنتن و تێلئەڤیڤ بڕیاردەدات و دەگوترێت هەر بڕیارێك بیەوێت، بە ئارەزووی خۆی لە ئیسرائیل و ئەمەریكا دەیگۆڕێت. ئەو، یەکێکە لە لایەنگرانی ترەمپ و بڕێکی زۆر پارەی خەرجکردووە بۆ ئەوەی دووبارە بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵببژێردرێتەوە.

لە ساڵی 2020 شێڵدن بە 28ـەمین دەوڵەمەندترین کەسی جیهان لەلایەن ماڵپەڕی فۆربس دەستنیشانکرا، کە سامانەکەی بە 33.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئێستاش یەکێکە لە دیارترین ئەو سەرمایەدارانەی پاڵپشتیی ترەمپ دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە سەرۆکی ئەمەریکا هەڵببژێردرێتەوە.

ئەو گەورە سەرمایەدارە جووە ئەمەریكییە، لە 10 كەسایەتییە گەورە بازرگانەكانی ئەمەریكایە و سەرۆكی گشتی دامەزراوەی لاس فێگاس سنرێسە، كە تایبەتە بە بەڕێوەبردنی هۆتێل و ڤێلای گەشتیاری، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر باڕ و گازینۆیە.

ئادڵسن خاوەنی گەورەترین باڕ و هۆتێلە گەورەكانە لە لاس ڤێگاس، ماكاو، چین و سەنگاپوورە و دەیان وڵاتی دیكەی جیهان، ساڵانە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار بۆ گرووپە جووە ئەمەریكی و ئیسرائیلییەكان خەرج دەكات و كۆمپانیای قازانجنەویستی بۆ ئیسرائیل دامەزراندووە.

شێڵدن ئادڵسن، لە 4ـی ئابی 1933 لەدایكبووە. بەشێكی زۆر لە سەرمایەكەی لە نیویۆركە و تاوەکو ساڵی 2017 سامانەكەی 33.4 ملیار دۆلار بوو.

لە ساڵی 1996ـەوە لایەنگری پارتی کۆمارییە و زۆرترین پارەی بۆ پارتەكەی خەرجکردووە، کە ئێستا وەكو یەكێك لە گەورە بازرگانەكانی ئەمەریكا پشتیوانی دۆناڵد جەی ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان دەكات.

دۆناڵد ترەمپ لەکاتی بەخشینی مەدالیای ئازادی بە مەریەمی هاوسەری شێڵدن لە کۆشکی سپی، وێنە: AP Photo/Manuel Balce Ceneta
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی بەخشینی مەدالیای ئازادی بە مەریەمی هاوسەری شێڵدن لە کۆشکی سپی، وێنە: AP Photo/Manuel Balce Ceneta

ئەو گەورە سەرمایەدارە جووە، كوڕی پیاوێكی هەژار بووە. باوكی شۆفیری تاكسی بووە لە شاری بۆستنی ئەمەریکا، خوێندنی تەواونەكردووە و لە ساڵی 1991ـدا لەگەڵ پزیشكێكی ئیسرائیلی بەناوی مەریەم ئەكشورون ژیانی هاوژینی پێكهێناوە و چوار منداڵیان بەیەکەوە هەیە.

لەوکاتەوەی دۆناڵد ترەمپ خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا کاندید کرد لە ساڵی 2016 و ئێستاش، شێڵدن دەیان ملیۆن دۆلاری بە کەمپەینەکە بەخشیوە.

دۆستایەكی تایبەت لەنێوان شێڵدن ئادڵسن و دۆناڵد ترەمپدا هەیە؛ هەردووکیان چەندین كاری بازرگانی و وەبەرهێنانیان بەیەکەوە كردووە و، چەندین جار ترەمپ داوای لێکردووە پشتیوانی بكات بۆ ئەوەی ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا، هەروەها پشتیوانی پڕۆژە سیاسییەكانیشی بكات.

شێڵدن دۆستایەتییەكی تایبەتی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیشدا هەیە، كاری سەرمایەداری و سیاسیشیان پێكەوە ئەنجامداوە.

دەگوترێت ئەو سەرمایەدارە جووە ئەمەریکییە، کاریگەریی تەواوی لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە و، زۆرجار توانیویەتی بڕیاری سیاسی ئەمەریکا و ئیسرائیل بگۆڕێت.

 شێڵدن، بنیامین ناتەنیاهۆ و مەریەم ئادڵسن، وێنە: Eyal Warshavsky
شێڵدن، بنیامین ناتەنیاهۆ و مەریەم ئادڵسن، وێنە: Eyal Warshavsky

شیڵدن، بەرپرسی دارایی رۆژنامە و ماڵپەڕی ئیسرائیل تودەیە، لایەنگری پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکایە و لە ئیسرائیلیش لایەنگری پارتی لیكۆد، پارتەكەی بنیامین ناتانیاهۆیە. ئەو، هەروەها لە پشتیوانە هەرە گەورەكانی لۆبییەكانی ئیسرائیلە لە ئەمەریكا و بەشێكی زۆر لە كۆنگرێسمانەكان بە بۆنەی پشتیوانییەكانی شێڵدنەوە بوونەتە ئەندامی كۆنگرێس.

بازرگانە جووەکە، یەكێك بوو لەو كەسانەی پشتیوانی دۆناڵد ترەمپی دەكرد لە پرسی سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران. ئەو هەروەها لەو كەسانەیە بە تووندی دژی سیاسەتەكانی ئایەتوڵڵا خامنەیی بووە، دەگوترێت پشتیوانیی ئەو گرووپانەی كردووە، كە دژی بیری شیعەگەرایین.

كاتێك باراك ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا (ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک بوو)، یەکەمجار خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا کاندید کرد، شێڵدن دژایەتی كرد و، دژی سیاسەت و كەمپەینەكەی وەستایەوە و، بڕی 60 ملیۆن دۆلاری دژی كەمپەینەكەی خەرج كرد.

 سەرمایەکەی شێڵدن بە زیاتر لە 33 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، وێنە: Roslan Rahman/AFP/Getty Images
سەرمایەکەی شێڵدن بە زیاتر لە 33 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، وێنە: Roslan Rahman/AFP/Getty Images

هـ.ر.