مووچە كێشە دەخاتە نێوان پەرلەمان و حكومەتی عێراق

پەرلەمانتاران كابینەكەی كازمی بە دواكەوتنی مووچە تۆمەتبار دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

قەیرانی دارایی و كێشەی دابینكردنی مووچە لە عێراق بووەتە گرنگترین پرسی ئێستای عێراق، بەو پێیەی كە ناكۆكییەكی گەورەی لەنێوان حكومەت و پەرلەمان دروستكردووە و ھەر یەكە و تۆمەت دەخاتە ئەستۆی ئەوەی دیكە لە دروستبوونی ئەو قەیرانە.

پەرلەمانتارانی عێراق، كابینەی حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆمەبار دەكەن، بەوەی لە كۆتاییھێنان بە قەیرانی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران شكستیھێناوە و دەیەوێت لە رێگەی یاسای وه‌رگرتنی قەرزوە، كە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە په‌رله‌مان سه‌رقاڵ بكات، به‌ دۆزینەوەی كه‌موكوڕییه‌كان و چارەسەری دەربازبوون لەم قەیرانە گەورەیە حكومەت و وڵات تێكه‌وتوون، لە ئەنجامیشدا ناكۆكی لە نێوان ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و  جێبەجێكار دروستبووە.

ئەو لێدوانانەی پەرلەمانتاران دوا بە دوای لێدوانێكی نوێی عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی عێراق دێت، كە لە رێگەی بڕیار نەدان بە یاسای قەرز، بەرپرسیارێتی دواكەوتنی مووچەی ختسە ئەستۆی پەرلەمانەوە و لە لێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنە عێراقییەكان ئاماژەیدا "ھەر كاتێك لەلایەن پەرلەمانەوە بڕیار لەسەر یاسای قەرز وەرگرتن درا، ئەوە دەستبەجێ مووچەی فەرمانبەران خەرج دەكرێت".

عەلاوی، جەختیكردەوە، پەرلەمان ئاستێكی دیاریكراوی بۆ قەرزی یەكەمی ناوخۆیی داناوە، كە بڕەكەی 15 ترلیۆن دینارە و ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو بڕە دەربڕاوە، چونكە لە رێگەی ئەو بڕەوە نەتواندراوە تا مانگی ئەیلوول مووچە و خەرجییەكانی پێ پڕبكرێتەوە و وەزارەتی دارایش ناچار بووه‌ داوای قەرزی زیاتر بكات، كە دەگاتە 41 ترلیۆن دینار، تاوەكوو سەرجەم كورتھێنانەكان لە مووچە و خەرجی تایبەت بە ھاوردەی كارەبا، بەنزین، قەرزی دەرەكی و پاڵپشتی جوتیاران و ھەروەھا پسوولەی مانگانەی پێبدرێت و ھەر كاتێك ەو بڕە پارەیە رەوانەی پەرلەمان كرا، ئەوەی خەرجییەكانی 4 مانگی داھاتووی پێ پڕدەكرێتەوە.

بەگوێرەی داتا فەرمییەكان، وڵاتەكە پێویستی بە نزیكەی 5 ملیار دۆلاری مانگانەیە، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی و ھەروەھا سوودمەندبووانی چاودێری كۆمەڵایەتی پێبدرێت، كە ژمارەیان زیاترە لە 10 ملیۆن كەس، لەكاتێكدا كە داھاتی عێراق لە نەوت سنووری 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری تێنەپەڕاندووە، ھەر ئەوەشە وایكردووە بۆ دابینكردنی بودجەی بەكاربەر، پێویستی بە قەرز بێت، كە ئەوە ھاوكاتە لەگەڵ پێشبینییەكانی زیادبوونی ئەو قەیرانە لە ساڵی داھاتوودا لە ئەگەری بەردەوامبوونی دابەزینی نرخی نەوت .

ئەو ناكۆكییەی كە لەنێوان حكومەت و پەرلەمان دەربارەی مووچە دروستبووە، ئەگەر ھەیە كێشەكانی ھەردوو دەسەڵات قووڵتر بكاتەوە، بەتایبەت كە پەرلەمان سوورە لەسەر ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی حكومەت وەك قەرز بۆ دابینكردنی مووچە داوای كردووە، رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕێت، ئەوەش ناروونییەكان بۆ داھاتووی دۆخی ئابووری و دارایی عێراق زیاتر دەكات.