رووماڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا: ئەمەریکییەکان کێ هەڵدەبژێرن؟

K24 - هەولێر

دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەستیپێکرد و دوای چەند کاتژمێرێک، یان چەند رۆژێکی دیکە ئاشکرا دەبێت ئەمەریکییەکان کێیان وەک سەرۆک خۆیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵبژاردووە: دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان، یان جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان.

زۆرینەی سندوقەکانی دەنگدان لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکا لە کاتژمێر 06:00 و 07:00ـی بەیانی کە دەکاتە 02:00 و 03:00ـی دوانیوەڕۆ بەکاتی هەولێر، دەکرێنەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا زیاتر لە 240 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و، نزیکەی 100 ملیۆن کەسیش لە دەنگدانی پێشوەختە دەنگیان داوە.

هاوار عەبدولرەزاق، نێردراوی کوردستان24 لە واشنتنەوە باسی سەرەتای کردنەوەی سندووقەکانی دەنگدان لە ئەمەریکا دەکات و دەڵێ؛ لە  سنووری شاری واشنتن 95 بنکەی دەنگدان هەن، بەهۆی ساردیی کەشوهەوا و مەترسیی کۆرۆنا، هێشتا خەڵکێکی ئەوتۆ روویان لە بنکەکانی دەنگدان نەکردووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ کەشوهەوای واشنتن خۆشبێت و ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەنگ بدەن.

کردنەوەی بنکەکانی دەنگدان لە هەشت ویلایەت

لە هەشت ویلایەتی ئەمەریکا بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەران کرانەوە کە لەسەرووی هەموویانەوە؛ نیویۆرک، نیوجێرسی، ڤێرجینیا و کارۆلینای باکوورن.

یەکەمین دەنگدەران لە گوندێکی بچووک، هەموویان بایدنیان هەڵبژاردووە

ژماردنی دەنگەکانی گوندەکە، وێنە: AFP
ژماردنی دەنگەکانی گوندەکە، وێنە: AFP

ژمارەی دانیشتووانی گوندی دیکسڤیل نۆچ 12 کەسە و پینجیان مافی دەنگدانیان هەبووە. گوندەکە دەکەوێتە ناوەڕاستی دارستانەکانی نیوهامشەیەر لە نزیک سنووری وڵاتی کەنەدا، لە باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

لە ساڵی 1960ـەوە لەو گوندەدا یەکەمین دەنگ لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەدرێت، بۆیە نازناوی "یەکەمین لە وڵات"ـی وەرگرتووە. دوای ئەوەی دەنگەکانیش ژمێردران، دەرکەوت سەرجەمیان بایدنیان هەڵبژاردووە. 

بەڕای جووەکانی ئیسرائیل، هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکا هێندەی دۆناڵد ترەمپ سوودی بۆ ئەوان نەبووە، وێنە: afp
بەڕای جووەکانی ئیسرائیل، هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکا هێندەی دۆناڵد ترەمپ سوودی بۆ ئەوان نەبووە، وێنە: afp

ئاهەنگگێڕان لە ئیسرائیل بۆ پشتیوانیکردن لە ترەمپ

هەزاران ئیسرائیلی لە شاری بەیت شیمش، بۆ پشتیوانیی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کۆبوونەوە و، ستایشی ئەو کارانەیان کرد کە ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا بۆ ئیسرائیل ئەنجامیداون.

لە چوار ساڵی رابردوودا، ترەمپ کۆمەڵێک کاری کردووە کە بەلای ئیسرائیلییەکانەوە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیان بووە، لەوانە کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، داننان بە ئۆرشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ سێ وڵاتی عەرەبی: ئیمارات، بەحرەین و سودان.

بەڕای جووەکانی ئیسرائیل، هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکا هێندەی دۆناڵد ترەمپ سوودی بۆ ئەوان نەبووە، بۆیە ئێستا زۆرینەیان پشتیوانی لە ترەمپ دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی جیهان.

بۆچی زۆربەی جووتیار و ئاژەڵدارانی ئەمەریکا دەنگ بە ترەمپ دەدەن؟

 بەشێکی زۆری جووتیار و ئاژەڵدارانی ئەمەریکا پێشوەختە دەنگیان بە ترەمپ داوە. ئەو جووتیارە ئەمەریکییانە دەڵێن: ترەمپ سیاسی نییە و بازرگانە، ھەمووکات بیرکردنەوە و سیاسەت و بڕیاری بازرگانێک لە هی سیاسییەک باشترە بۆ ئەوان.

جەیمس ھاسکۆ، جووتیارێکە و ئەندامی یەکێتیی جووتیارانی ویلایەتی تێنێسیە لە ئەمەریکا، نایشارێتەوە پێشوەختە دەنگی بە ترەمپ داوە.

جووتیارە ئەمەریکییەکە باس لەوە دەکات "من، دەنگم بەم سەرۆکەی ئێستا داوە. پێموایە سەرۆک ترەمپ کارێکی باشی کردووە. پێموایە (ئیدارەکەی) یەکێکە لەو ئیدارانەی زۆر بە باشی مامەڵەی لەگەڵ کەرتی کشتوکاڵ و بازرگانیدا کردووە. ترەمپ سیاسی نییە و بازرگانە، بۆیە وەکو بازرگانێک کار دەکات ئەوەش بۆ ئێمە باشە. کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ژێرخانێکی گرنگی ئابووری وڵاتە و، سەرۆک ترەمپیش کاری باشی بۆ کردووین".

بەشێکی جووتیارانی ئەمەریکا شێوازی قسەکردن و توویتەکانی ترەمپیان پێ خۆش نییە و، نایانەوێت دەنگی ببیستن و تویتەکانیشی بخوێننەوە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن: ھیچ سەرۆکێک ھێندەی ترەمپ کاری بۆ جووتیاران نەکردووە.

جیمی وایت، ئەندامی فیدراسیۆنی جووتیارانی ئالاباما باس لەوە دەکات "پێویسە شەڕی بازرگانی بکرێت. من، پێموایە باشترین کەس کە دەتوانێ ئەو شەڕەمان بۆ بکات سەرۆک ترەمپە. باشکردنی کەرتی کشتوکاڵ پرۆسەیەکی ھێواشە و کاتی دەوێت. لە دەیان ساڵی رابردوو نەمانبینیوە ھیچ سەرۆکێک ھێندەی سەرۆک ترەمپ لە خەمی ئێمەدا بووبێت. دەنگیشم بە ترەمپ داوە. ھەرچەندە من حەزم لە توویت و قسەکانیشی نییە".

شەڕی بازرگانیی ترەمپ لەگەڵ چین، لە بەرژەوەندیی جووتیارانی ئەمەریکادا بووە. زیاتر لە 28 ملیار دۆلاری بۆ جووتیاران گەڕاندووەتەوە.

سەرۆکەکانی ئەمەریکا
سەرۆکەکانی ئەمەریکا

کورتەیەکی مێژوویی لەسەر سەرۆکەکانی ئەمەریکا

ھەر كەسێك بیەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كاندید بكات، بەپێی ماددەی دوو لە بەشی یەكەمی بەندی پێنجەم، دەبێت چەند مەرجێكی تێدیدا ھەبن، لەوانە: نابێت تەمەنی لە 35 ساڵ كەمتر بێت و دەبێت لانیكەم 14 ساڵ لە ئەمەریكا نیشتەجێبوو بێت، ھەروەھا لەدایكبووی ئەمەریكا بێت.

تائێستا لە مێژووی ئەمەریكادا زۆرترین رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان، لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ساڵی 1992 تۆماركراوە، كە بە رێژەی 61.3%ـی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان ھەبوو، بەشداریی پرۆسەی ھەڵبژاردنیان كرد. لە ھەڵبژاردنەكەشدا بیل كلینتۆن، كاندیدی دیموكراتەكان سەركەوتنی بەدەستھێناو و، بووە سەرۆكی ئەمەریكا.

لە مێژووی ئەمەریكادا ھەشت سەرۆكی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە لەکاتێکدا هێشتا سەرۆک بوون، کە پێکهاتوون لە: ویلیام ھێنری ھاریسن بەھۆی ھەوكردنی سییەكان، زاكاری تایلۆر بە ھەوكردنی گەدە، وارن ھاردینگ بە جەڵتەی دڵ و فرانكلین رۆزڤێڵت بەھۆی خوێنبەربوونی مێشك گیانیان لەدەست داوە.

ھەروەھا چوار سەرۆكی ئەمریكا لە مێژووی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە تیرۆركراون ئەوانیش: ئەبراھم لینكۆڵن، جەیمس گارفێڵد، ویلیام ماكینڵی و جۆن كەنەدی بوون.

جۆرج واشنتن یەكەم سەرۆكی ئەمریكابووە كە لە نێوان ساڵانی 1789 بۆ 1797 بە دەنگی زۆرینەی رەھای دەنگدەران بە سەرۆكی ئەمریكا ھەڵبژێردراوە.

ڤیكتۆریا ودھۆڵ یەكەم ئافرەت بوو لە ساڵی 1782 خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا كاندید كرد. ڤیكتۆریا بە رەچەڵەك سكۆتلاندی بوو و سەرۆكی بزووتنەوەی مافی ئافرەتانی ئەمەریكا بوو.

ھیلاری كلینتۆن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریكاش، یەكەم ئافرەت بوو كە لەلایەن پارتێكی سەرەكی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا كاندید بكرێت، بەڵام لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان لە ساڵی 2016، شكستی ھێنا.

هـ.ر.