ماكرۆن: ئه‌وروپا خه‌مباره‌ و "تیرۆری ئیسلامی" به‌ توندی له‌ یه‌كێكمانی دا

تیرۆری ئیسلامی به‌ توندی له‌ یه‌كێكمانی دا

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، "ئیمانوێڵ ماكرۆن" له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند، "ئه‌وروپا خه‌مباره‌، تیرۆری ئیسلامی به‌ توندی له‌ یه‌كێكمانی دا".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (3ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2020)، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ تویته‌ر په‌یامێكی له‌ باره‌ی رووداوه‌كه‌ی نه‌مسا بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، "ماكرۆن" نووسیویه‌تی: "فه‌ره‌نسا شانبه‌شانی نه‌مسا ده‌وه‌ستێت و پشتیوانی و هاوكاری ده‌كات".

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "بیر له‌ قوربانیان و خێزانه‌كانیان ده‌كه‌ینه‌وه‌، فه‌ره‌نسا پشتیوانی نه‌مسایه‌ و ئاماده‌یه‌ هه‌موو هاوكارییه‌كی پێشكه‌ش بكات".

شه‌وی رابردوو، له‌ ناوه‌ڕاستی "ڤیه‌ننا"ی پایته‌ختی "نه‌مسا" هێرشكرایه‌ سه‌ر په‌رستگایه‌كی سه‌ره‌كی جووله‌كه‌كان و هێرشه‌كه‌ كوژرانی (5) كه‌سی لێكه‌وته‌وه‌.

وه‌زیری ناوخۆی نه‌مسا، "كارل نیهامر" رایگه‌یاند، "تیرۆریستێكی ئیسلامی" به‌رپرسه‌ له‌و هێرشه‌.